لەم ھەرێمەدا ھەموو بابەت و سێکتەرێک کراوەتە قوربانی سەرچاوەیەک کە تا ئەم ساتەش لەجیاتی بوونی بە نیعمەت و ڕەحمەت بۆدانیشتوانەکەی کەچی زیاتر نەعلەت و زەحمەت بووە ،ئەویش سێکتەری سوتەمەنیە .
من ناڵێم نەوت و سوتەمەنی گرنگ نییە، بەڵام خۆ ناکرێت سێکتەرەکانی تریش وەلابنرێن .
ئێمە لە لیژنەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ئاودێری و بەنداوەکان لە پەرلەمانی کوردستان بەھۆی پێزانینی زۆرمان بە گرنگی سەرچاوەیەکی وەک ئاو کە دەکرێت وەک سامانێکی نیشتمانی ھەژماربکرێت، و پێویستبونی یاسایەک بۆ پاراستن و باش بەڕێوەبردنی ئاو، و ڕزگاربونی لەو پەرشوبڵاوی و دابەشکردنەی بەسەر وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێمدا کە ئەمە بۆخۆی زوڵم وستەمێکی زۆرە کە لە ئاو و سەرچاوەکانی و سێکتەرەکەش دەکرێت .
لە بەرواری ( ۱٦-۱۱-۲۰۱٤) پڕۆژەیاسای پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاو کە لەبنەڕەتدا پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو نێردرابوە پەرلەمان، بەواژۆی ھەر (۱۰) ئەندامەکەی لیژنەکەمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانکرد تاکو بخرێتە بەرنامەی کارەوە و بە زوویی لە پڕۆژە یاساوە بکرێتە یاسا چونکە لە ھەرێمدا یاسایەکی تایبەتمەندمان نیە بەئاو .
لە ( ۱٦-۱۲-۲۰۱٤)وە واتا دوای تەنھا مانگێک خرایە بەرنامەی کار و لەنێو ھۆڵی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراو ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان کرا، ئێمە لە لیژنەی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی گشتگیر و بێ کەم وکورتی دەربچێت لەگەڵ کەسانی شارەزای بوارەکە لەنێو دەمەزراوەکانی حکومەت، زانکۆکانی کوردستان و چەندین ڕێکخراوی بواری ئاو و ژینگە کۆبووینەتەوە بۆ پێداچونەوە و گۆڕانکاریکردن لەبڕگە و ماددەکانی پڕۆژەکە بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ دنیای سەردەم و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەبوارەکە .
دواتر حکومەت قەیرانی دارایی کردە بەھانە و بیانویەکی حازربەدەست و بەفەرمی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمانی لەوە ئاگادارکردەوە کە نابێت لە پەرلەماندا ھیچ پڕۆژەیاسا و بڕیارێک دەربچوێنرێ و دەربکرێت کە پابەندبونی دارایی بۆ حکومەت دروست بکات تاکو ڕای حکومەتی لەسەر یاسا و بڕیارەکە بۆ وەرنەگیرێت .
کردنی پڕۆژەیەکی لەو چەشنە بە یاسا یەکێکە لە پێداویستیە گرنگ و ھەنوکەییەکانی ئەمڕۆ چونکە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە پلان و پیلانی ھەمەچەشنی بەردەوام ھەبووە و ھەیە، و بەردەوامیش کاری بۆدەکرێت بۆیە گەر نەتوانین و بەزوویی فریانەکەوین ئەوا بەدوورنازانرێت عێراق کەئێمەش تائێستاش بەشێکین تێیدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە نەبێتەوە، چونکە نە وڵاتی ئێران وەڵامی عێراق دەداتەوە لەسەر گرفتەکانی ئاو و نە ئامادەشە دانوستانیش بکات لەو بارەیەوە لەگەڵیدا، تورکیاش گەر ئامادەی دانوستان بێت لەگەڵ عێراق ئەوا ھیچ پابەندبونێکی نابێت بەو بڕیارانەی لەنێوانیاندا دەدرێت لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، ڕونیشە ھۆکارەکەی بۆ لاوازی حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە لەئێستادا.
نمونەی زیندوش ئەوەیە کە لە کۆبوونەوەی (۲٥ و ۲٦ ــ ۱۲ - ۲۰۱۷)ی نێوان وەفدی عێراق و تورکیا کە تایبەت بوو بەپڕکردنی بەنداوی ئەلی ـ سۆی تورکیا لەئاوی ڕووباری دیجلە، تورکیا بڕیاریدابوو کە (۱-٤-۲۰۱۸) ئاودەکەنە بەنداوەکە بەڵام عێراقیەکان داوایانکردبوو کە با ( ۱-۱۰-۲۰۱۸)بێت، کەچی بێگوێدانە ھیچ داوا و خواستێکی عێراقییەکان حکومەتی تورکیا لە ١ی حوزەیرانی (۲۰۱۸) دەستیکرد بە ئاوکردنە بەنداوی ئەلی ــ سۆ، و دواتر و دوای داواکارییەکی زۆری عێراق کە لەو کاتەدا دەستنەکرێت بەپڕکردنی بەنداوەکە بەئاو لەلایەن تورکیاوە، تورکیاش تەنھا مانگێک کارەکەی ڕاگرت و لە ١ی تەمموزی (۲۰۱۸)دەستیانکردەوە بە کۆگاکردنی ئاو لەبەنداوەکە .
ئەمە لەکاتێکدایە کە عێراق سەرەتاکانی سەرھەڵدان و دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی ئاو ڕووی تێکردووە، چونکە سەرەتای سەرھەڵدانی قەیرانەکە ئەوەیە کە لەئێستادا لە ھەموو بەنداو و کۆگاکانی کۆکردنەوەی ئاو لە عێراقدا تەنھا (۱۷) ملیار مەتر سێجا ئاویان تێدایە کە ھێندە بەنداو شوێنی کۆگاکردنی ئاو لەعێراقدا ھەیە دەتوانرێت دەتوانرێت (۱۰۰) ملیار مەتر سێجا ئاویان تێدا ھەڵبگیرێت، لەوەش زیاتر بۆ گەیشتنی قەیرانە بە ترۆپک و دروستبونەکەی لە ئێستای عێراقدا ئەوەیە کە (مھدی سەمەدقەیسی) بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە بەھۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری دیجلەوە چاندنی ھەشت جۆر بەروبووم لە عێراقدا قەدەغەدەکرێت لەوانەش (برنج، لۆکە، توتن، کەنمەشامی سپی وزەرد، ماش، گوڵەبەڕۆژە و....ھتد...) بەجێبەجێکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیەش دەتوانین بڵێین گورزێکی کوشندە و گورچکبڕ بەر ئاسایشی خۆراک دەکەوێت لەعێراقدا. لەو عێراقەی کە لە ساڵی (۱۹٥٦)دا قەبارەی گەنمی ھەناردەی بۆ وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا سێ ملیۆن تۆن بوو .
تەنھا دووساڵ پێش ئێستا بۆ چەند ڕۆژێک کون کرابووە ئەو بۆریەی کەنەوتی ھەرێمی لێوە ھەناردەی تورکیا دەکرا مەگەر ھەر خوا و حکومەتی ھەرێم خۆیان بزانن چەند بەزوویی ھەموو ڕێوشوێنێک و ڕێگایەکیان گرتەبەر تاکو توانییان لەماوەی سێ ڕۆژدا لەپێناوی بەردەوامی ھەناردەی نەوتدا چ ھەوڵ وتەقەللایەک درا تاچاکی بکەنەوە و دەستبکەنەوە بەھەناردەکردنی نەوتەکەیان بۆ تورکیا، کەچی ساڵی ڕابردووئەمساڵیش چەندین جاربەئاشکراو بێ حسابکردن بۆھیچ ڕێککەوتنێکی پێشوەختە و پابەندبونێک بەڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەڕوباروئاوە ھاوبەشەکانی نێوان وڵاتان، لە چەند شوێنێکی جوداوە لەلایەن ئێرانەوە ئەو ئاوانەی کە لەنێو ڕۆژھەڵاتەوە کە ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران حکومداری دەکات گیراونەتەوە، و تورکیاش چەندین ساڵە بۆ گلدانەوەی ئەو ئاوانەی دەڕژێنە عێراقەوە بەنداوی گەورە گەورە بنیاد دەنێت کەچی نەمانبینی ئەم حکومەتی ھەرێمە و دەوڵەتمەدارەکانی ناوی بێن و خەمێک لە ئاو و پاراستنی ئاو بخۆن، ئەوان تائێستاش ئاوی خۆماڵی ناخۆنەوەوئاوەکەش کەدەیخۆنەوە لەدەرەوە ھاوردەی دەکەن ئیتر چۆن خەم لەئاسایشی ئاو دەخۆن و چ کارێکیان بەئاوو سەرچاوەکانی ھەیە .
جارێکی تر و دوای دەرکەوتنی مەترسیەکانی سەرئاو و سەرچاوە ئاوییەکان دوبارە پڕۆژەکەمان ھێنایەوە پێش و وتمان بەڵکو حکومەت و بڕیاربەدەستانی دوای ھەوڵەکانی وڵاتانی تورکیا و ئێران بەخۆداچونەوەیەکیان بەخۆیاندا کردبێت و کەمێک لەگرنگی ئاو تێگەیشتبێتن، دوای ئەوەی لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆبووینەوە تاکو ڕاپۆرتی ھاوبەش بۆ پڕۆژە یاساکە بنوسین و بخرێتە بەرنامەی کار و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و بکرێتە یاسا، بە باشزانرا ھەردوو لیژنەی کشتوکاڵ و یاسایی لەڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نوسراوێک بکرێت بۆ حکومەت بۆ وەرگرتنی ڕایان لەسەر پڕۆژەکە تاکو بەدەردی ھەندێ یاسا و بڕیار نەچێت کە لە پەرلەمانەوە دەرکراون و حکومەت جێبەجێی نەکردون .
نوسراوەکەی لیژنەی یاسایی و کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان لە ( ٥-۱۱-۲۰۱۷) ئاڕاستەی سەرۆکایەتی کرا، وسەرۆکایەتیش لە ( ۷-۱۱-۲۰۱۷)وە نوسراوی کردووە بۆ حکومەت بۆ دەربڕینی ڕایان، بەڵام وا زیاتر لە ھەشت مانگە ئەم حکومەتی ھەرێمە کەدوری نێوان حکومەت وپەرلەمان پەنجا مەترێک دەبێت بە وشەیەکیش وەڵامی پەرلەمانی نەداوەتەوە، و مێشێکیش میوانیان نییە و ئاویان لە ئەجێندای خۆیاندا سڕیوەتەوە .
ھەفتەی ڕابردوو دوای بێھیوابوونمان لە وەڵامی حکومەت بۆ پڕۆژەکە، نوسراوێکی تر لە ھەمان دوولیژنە و لەڕێگەی پەرلەمانەوە کرا تاکو ڕۆژی چوارشەممە ( ٤-۷-۲۰۱۸) وەزیرەکانی کشتوکاڵ، شارەوانی، کواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی سەرچاوەئاوییەکان لە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانی و کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم تاکو لەگەڵ لیژنەکانی یاسایی وکشتوکاڵ کۆببنەوە بۆ دوا بڕیار و ڕای حکومەت لەسەر پڕۆژەیاسای ئاو .
بەڵام بەداخەوە بەبیانوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ھیچ وەزیرێک لەکۆبونەوەکە ئامادەنەبوو، بەڵکو بریکاری وەزیری پلاندانان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی تر کە ئاماژەیان بۆ کراوە ھاتن و لە کۆبونەوەکە ئامادەبوون .
ئەمان جگەلەوەی خاوەن بڕیاری تەواونەبوون لەسەر پڕۆژەکە، بەڵام ھەبون و دەرچواندنی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیان بۆ ئەمڕۆ و ئایندەی کوردستان بە گرنگ زانی .
دواتر بڕیاردرا جارێکی تر و لەلایەن ھەردوو لیژنەی پەرلەمانی تایبەتمەندەوە (یاسایی، کشتوکاڵ ) لەڕێگەی پەرلەمانەوە نوسراوێکی تر ئاڕاستەی حکومەت بکات و بەڕوون و ڕاشکاوی تێیدا بوترێت کە پێویستە حکومەت دواین بۆچون وڕەزامەندی خۆیان بدەن لەسەر پڕۆژە یاسای ئاو .
بابزانین دوو ھەفتەی تر کە نابێت بگاتە مانگی ئابی (۲۰۱۸) حکومەت و بڕیاربەدەستەکانی چی دەڵێن بۆ پڕۆژەیەکی گرنگ و پێویست بۆئێستای ھەرێم، پڕۆژەیەک کە لە بنەڕەتەوە لەلایەن وەزارەتێکی پەیوەندیداری کابینەکەی خۆیەوە ئاڕاستەی پەرلەمان کراوە چەندین ساڵ پێش ئێستا .
بابزانین ئەم حکومەتی ھەرێمە نەک ھێندەی بۆریەکی نەوت بەڵکو ھێندەی بۆریچکەیەکیش گرنگی بە ئاو و سەرچاوەئاوییەکان دەدەن، کە بە زێڕی شین پێناسەکراوە و ھەموو ئاماژەکانیش پێماندەڵێن کە شەڕی داھاتوو شەڕی ئاوە لە زۆرێک لەناوچە جیاجیاکانی دونیا .
ماوەتەوە تەنھا ئەوە بڵێین کە گەر گرفت و ئاستەنگ بۆ پڕۆژەیەکی گرنگی لەم شێوەیە دروستکرا بەھەربیانویەک ئەوا بەرپرسی یەکەم و کۆتایی لە نەبوون و دەرنەچواندنی یاسای ئاو کەمەبەستی سەرەکی تێیدا پاراستنی ئاسایشی ئاوە تەنھاو تەنھا حکومەتی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانە و دەبێت ئەوان لە دواڕۆژدا بەرپرسیارێتی ھەموو تەنگەژە و قەیرانێک ھەڵبگرن کە ڕوودەدات لە ھەرێمی کوردستاندا، چونکە نەوت وسوتەمەنی جێگرەوەیان زۆرە بەڵام ئەوەی جێگرەوەی نییە بە تەنھا ئاوە و ھیچی تر.
852 جار خوێندراوەتەوە