پێنجوێن جگە لەوەی شارۆچکەیەکی سنورییە، لەدێرزەمانەوە مەڵبەندێکی گرنگی بازرگانی وسەرەڕێی گواستنەوەوگۆڕینەوەی کاڵاوشمەک وبازرگانیش بوە.ولەئێستاشدا بۆتەشادەمارێکی بەهێزی ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە پێکهاتەی خاکەکەی زۆردێرینەو دەگەڕێتەوە بۆچاخی جیۆلۆجی یەکەم واتاسەردەمی (ئەرکی )،وە بەپێی ئەوتوێژینەوەو لێکۆڵینەوانەی کەبۆپاشماوەدێرینەکانی قەڵاکانی ( کچێ ، ، وێنە ، قزڵجە،بیستان ) کراون دەرکەوتوە مێژووی دروستبونیان دەگەڕێتەوە بۆهەزارەی دووەم وهەزارەی یەکەمی پێش زایین ، بەم پێیەش ناوچەکە بەیەکێک لەکۆنترین ودێرینترین ناوچەکان دادەنرێت لەسەرئاستی کوردستان وعێراقیشدا.
بەڵام وەک ئاوەدانی مێژوەکەی دەگەڕێتەوەبۆسەرەتاکانی سەدەی شانزەهەمی زاینی واتا زیاترلە(٤٠٠)ساڵ پێش ئێستا.
ڕاستەپێنجوێن سەرەتا گوندێک بوە سەربەناحیەی قزڵجەی سەربەقەزای گوڵعەنبەر کەدەکاتە خوڕماڵی ئێستا ، بەڵام گوندێکی گەورەوفراوان بوەو هەمان ئەوپێداویستیانەی لەشارەدێیەکدا هەبوبێت لەوێش بونی هەبوە لەوێنەی دوکان وبازاڕو گەرماو.......هتد.
لەگەڵ دروستبونی دەوڵەتی عێراقدا لەساڵی (١٩٢١)دا،و بەهۆی پێگەستراتیجیەکەیی وئاوەدانبونەوەی زیاتری کرایە ناحیە ،ومەڵبەندویەکەی کارگێڕی ناحیەکە لەقزڵجەوە گواسترایەوە بۆپێنجوێن.
لەساڵی (١٩٥٩)دا ودوای ساڵێک تێپەڕبوون بەسەرگۆڕینی سیستمی فەرمانڕەوایی لەپادشایەتیەوە بۆکۆماری لەعێراقدا ، گۆڕانکاری کارگێڕیش لەپێنجوێندا ڕوویدا،و بەمەرسومی کۆماری ژمارە ( ٣ / ٧١٦ ) پێنجوێن لەناحیەوە کرایە قەزایەکی سەربەخۆی سەربەپارێزگای سلێمانی ، و وەهەربەمەرسومی کۆماری ژمارە ( ١١ / ٧١٩ ) گەرمک لەگوندەوە کرایەناحیەیەکی سەربەقەزای پێنجوێن.
وەبە بڕیاری ژمارە ( ٣٢ / ٣٤٧٩٦ ) لەساڵی ( ١٩٧٩)دا ناڵپارێزیش کرایە مەڵبەندی ناحیە.
پێنجوێن لەمێژووی بنیادنان ودروستبونیەوە تائێستا تووشی چەندین ڕوداوی جۆراوجۆری سروشتی ودەستکرد بۆتەوە ، کە جگە لەوێرانکاری وخاپوربوونی شاروناوچەکە ، بونەتەهۆکاری ئاوارەیی و دەربەدەربوونی دانیشتوانی ناوچەکە.
لە گرنگترین ودیارترین وێرانکاری وخاپورکردن وتەختکردنی شارەکە ، پێشی (٣٩)ساڵ بەرلەئەمڕۆواتا لە بەرواری ( ٢٧-٩-١٩٨٣)دا بوو لەلایەن حکومەتی عێراقی ئەوسا ( ڕژێمی بەعس) کەتەنها سێ ساڵ وچەندڕۆژێک تێپەڕیبوو بەسەرهەڵگیرساندنی شەڕی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەی ( عێراق - ئێران ) لە ( ٢٢-٩-١٩٨٠) کەلەگەڵ دەستپێکی شەڕەکەدا ناوچەی پێنجوێن بوە یەکێک لەشەڕگەکانی نێوان هەردوو وڵات و شارەکەودانیشتوانەکەشی بونەیەکەمین قوربانیدەری ئەوشەڕە پڕلە وێرانکاری و خوێن ڕشتنەدا . وێرانکارییەکە بەشێوەیەک بوو کەهەموو ماڵ وفەرمانگەوتەنانەت مزگەوت وشوێنەپیرۆزەکانیش لەگەڵ زەویدا تەختکران وڕوخێنران کەپێنجوێنی یەکپارچەکردە کەلاوە . تەختکردن و وێرانکاری شارەکە بەچەندشێوازێک ئەنجامدرا ، بەشێکیان کەزیاتر دام ودەزگا وبینا بەرزەکانی دەگرتەوە بە تەقەمەنی ڕوخێنەرواتا ( TNT)بۆ بەکارهێنرا ، وئەو ماڵانەشی کەدەکەوتنە گەڕەکە تەختەکانەوە جگەلە لەتەقەمەنی بەئامێری شۆڤڵ وهاوشێوەکانی ڕوخێنران ،وئەو ماڵانەشی بەبەرزایی شاخ وگردۆڵکەکانەوە بوون کەسەقفی چیمەنتۆنەبوو واتا دارەڕابوون دەسوتێنران.
بەوشێوازانەوشێوازی دیکەش شارەکەبەتەواوەتی ڕوخێنراو،ویەکپارچەبووە وێرانە.
لێرەدا بەشێک لەووێرانکاری وکاولکارییانە ئاماژەبۆدەکەین کەبەسەرشاروناوچەی پێنجوێندا هاتوون وتائێستاش کاریگەرییان هەیە بەسەر ئاوەدان نەکردنەوەی پێویست و پەڕاگەندەوئاوارەبوونی دانیشتوانی سنوری پێنجوێن؛
ـــ لەشەڕی جیهانی یەکەمداو پێش زیاترلەسەدەیەک لەلایەن ڕووسەکان بەشێکی پێنجوێن سوتێنرا بەمەش پێنجوێن ودانیشتوانەکەی بێ بەش نەبون لەزیانەکانی ئەوجەنگە.
ـــ لە ( ٨-٨-١٩٤٦)دابومەلەرزەیەکی بەهێزلەپێنجوێنیداو بووەهۆی دەربەدەربونی دانیشتوانەکەی ،کەبەهێزترین بومەلەرزەبوە لەسەددەی بیستدا کەلەهەموو عێراق وکوردستانی باشوردا ڕوویداوە.
ـــ لە ( ٢١-١٠-١٩٦٢) سوپای عێراق گەیشتە پێنجوێن،و لە( ٢٣-١٠-١٩٦٣) بەشێکی پێنجوێن لەلایەن حەرەس قەومیەکانەوە سوتێنراو،و زیانێکی زۆربەدانیشتوانی شارەکە گەیەنرا.
ـــ لە (٢٤-٤-١٩٧٤)دا کەڕژێم بە بۆمبی ناپاڵم قەڵادزێی خەڵتانی خوێنکرد وهەڵەبجەی بۆردومانکرد ، بۆڕۆژی دواتر دوکان وبازاڕ لەپێنجوێن داخران دانیشتوانی پێنجوێنیش بۆخۆپارێزییان نەکا پێنجوێنیش هاوشێوەی ئەو دووشارە بۆردومان بکرێت بەفەرمانی شۆڕش لە (٢٧-٤-١٩٧٤) شارەکەیان چۆڵکرد ، هەرچەندە بۆڕۆژی دواتر فڕۆکەهاتەپێنجوێن بەڵام بۆردومانیان نەکرد.
ـــ لەساڵی ( ١٩٧٨)دا گەورەترین هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندەکانی سنوری پێنجوێن وگەرمک دەستی پێکرد ،ودانیشتوانی ئەوگوندانەیان ڕاگواست بۆ ئۆردوگای شانەدەری وناڵپارێزو بەشی خوارەوەی پێنجوێن.
کەئامانجی سەرەکی حکومەتی عێراقی لەوساتەوەختەدا لەم ڕاگواستنە دابڕان وپچڕاندنی پەیوەندی نێوان خەڵک وپێشمەرگەبوو چونکە لادێکان پاڵپشپشتێکی بەهێزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون لەوسەروەختەدا.
ـــ لە ( ٢٧-٩-١٩٨٣)دا کە(٣٩)ساڵ پێش ئێستا دەکات بەڕۆژژمێری تەقویمی ، گەورەترین وێرانکاری لەپێنجوێندا کرا کەبریتی بوو لەپڕۆسەی تەختکردن وسەرەوژێرکردنی تەواوەتی شارەکە ، هەرچەندە پێنجوێن یەکێک بوو لەوناوچانەی کە یەکەم پریشکی شەڕی وێرانکاری عێراق ــ ئێرانی بەرکەوت ولەگەڵ هەڵایسانی شەڕەداکەدا بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی شارەکە ئاوارەی شاروشارۆچکەکانی تربوون ، بەڵام کاریگەری وزیانەکانی ئەم هەڵمەتی وێرانکارییە لەهەموو ڕوداوکارەساتەکانی پێشترزیاتربوو بەشێوەیەک ژێرخان وسەرخانی شارەکەی بەتەواوەتی یەکسانکرد بەسفر.
لەیادی ( ٣٩) ساڵەی وێرانکردن وخاپورکردنی تەواوەتی پێنجوێندا ، ئەوشارە هێشتا تینوی ئاوەدانی زیاترو نەمان ونەهێشتنی ئاسەوارەکانی ئەو کاولکارییانەیە ، کەبەداخەوە دوای ساڵانێکی زۆر بەسەر خاپورکردنی شارەکەدا ،وبوونی حوکمڕانی خۆماڵی بۆنزیکەی سێ دەیە، کەچی هێشتا زیاتر لەهەزار کەلاوەی خاپورکراو،وختبوو لەگەڵ زەویدا لەشارەکەدا بونیان هەیە،ولەچاوەڕوانی بنیادنانەوەدان . وەدەکرێت بۆنەهێشتنی ئاسەواری ئەوکاولکارییانەوئاوەدانکردنەوەوپێشکەشکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری بەناوچەکە ساڵانە بەشێک لەداهاتی دەروازەکانی باشماخ وسەیرانبەن تەرخانبکرێت بۆئەومەبەستە کەئەمە بچوکترین خزمەتێکە کەپێشکەشی ناوچەکەو دانیشتوانەکەی بکرێت.
بەهیوای ئاوەدانی زیاتر بۆ پێنجوێن و هەمو شارو شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان.
187 جار خوێندراوەتەوە