گۆڕان لە ماوەی یەک ساڵی خولی چوارەمی پەرلەمان چیکرد، و چی گۆڕی؟


ئێستا لەهەرێمی کوردستان هاوڵاتیان وپارتەسیاسیەکان سەرقاڵی بانگەشەوخۆئامادەکردنن بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کەبڕیارە لە ( ۳۰-۹-۲۰۱۸) بەڕێوەبچێت.

دەستپێکی خولی چوارەم کەدەکاتە ڕۆژی سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی خولەکە لە ( ٦-۱۱-۲۰۱۳) بوو ، بەڵام هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەهۆی ململانێ وڕێکنەکەوتنی لایەنەسیاسیەبراوەکان کەوتە ( ۲۹-٤-۲۰۱٤) واتا دوای زیاتر لە(٦)مانگ بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتاران ئینجا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا ، و دواترودوای ڕێککەوتنی لایەنەبراوەکانی هەڵبژاردن پێکهاتەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کەهەڵبژێردران بریتی بوون لە د.یوسف محەمەدسادق سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان ، د.جعفرئیبراهیم ئیمینکی جێگری سەرۆک لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، فەخرەدین قادرمارف سکرتێری پەرلەمان لەپشکی کۆمەڵی ئیسلامی .

کارکردنی پەرلەمانی کوردستان گەر لەوساتەوەی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا تا ئەو ڕۆژەی خوێندنەوەی یەکەم بۆپڕۆژەکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرا ، ئیتر لەو ڕۆژەوە واتالە ( ۲۳-٦-۲۰۱٥ )وە بەناڕاستەوخۆیی پەرلەمانی کوردستان پەکخرا و ڕێگری و کۆسپی زۆر بۆ بەڕێوەچونی کارەکانی دروستکران چونکە دەستبرا بۆکورسی سەرۆکی هەرێم ، تائەوکاتەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆو بەبڕیارێکی تاکە کەسی وحیزبی لە ( ۱۲-۱۰-۲۰۱٥) بەتەواوی کڵۆم لەدەرگاکەی دراو ڕێگەلەسەرۆکەکەی گیرا تەنانەت بشچێتە شاری هەولێر.

لێرەدا مەبەستمە هەندێ لەو گۆڕانکاری و کارانەی کە تەنها لەماوەی ساڵێکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستاندا کەسەرۆکەکەی لەپشکی گۆڕان بوو کران بیانخەمەڕوو ، هەڵبەت نابێت ڕۆڵی بەرچاوی سکرتێری پەرلەمانیش لەبەرچاونەگیرێت لەو گۆڕانکاری و کارانەدا.

بۆیە ئاماژە بەهەندێ لەو گۆڕانکاریانە دەکەین کەکراون وکەسیش ناتوانێت نکوڵیان لێبکات ، چونکە هەمووی لەپڕۆتۆکۆلی پەرلەماندا پارێزراون وماون، لەوانەش ؛

ــ پەرلەمانی کوردستان لەوساڵەدا ببوە پەرلەمانی هەموان بەشێوەیەک کوردانی باکور ، باشور، ڕۆژهەڵات ، ڕۆژئاوا بەپەرلەمانی خۆیانیان دەزانی ودەرگای واڵاکرابوو بۆ هەموان ولەپێشوازی هەموانیشدا بوو بێ جیاوازیکردن.

ــ سێ لیژنەی گرنگ وپێویست بۆ لیژنەهەمیشەییەکانی پەرلەمان زیادکران کەبریتی بوون لەلیژنەکانی ( پەیوەندییەکان وڕەوەندی کوردی ، ناوچەدابڕێنراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، لیژنەی کاروباری پەرلەمان تایبەت بەبەدواداچونی هەمووکارەکانی پەرلەمان ) جگەلەوەش بۆدروستکردنی پردێکی بەهێزی پەیوەندیکردن لەنێوان پارێزگای کەرکوک وپێکهاتەکانی ناوی لەگەڵ پەرلەماندا نوسینگەیەکی پەرلەمان لەوشارەدا کرایەوە .

ــ برەودان بەکاری تیم ووەک یەک سەیرکردنی فراکسیۆنەکانی نێوپەرلەمان کەژمارەیان (۱۷)فراکسیۆن بوو ، هەروەها خستنەبەرنامەی کاری پڕۆژەکانی فراکسیۆنەجیاوازەکان بەپێی پێویست .

ــ بەکراوەیی هێشتنەوەی هەموو دانیشتنەکانی پەرلەمان تاکو خەڵکی ئاگاداربن لەنێو هۆڵی پەرلەماندا چی دەگوزەرێت و چ پڕۆژەیەک گفتوگۆی لەسەردەکرێت ، تەنانەت هەوڵیشدرا تاکو کۆبونەوەی لیژنەجیاوازەکانی پەرلەمانیش کە ( ۲۲)لیژنەبوو بەکراوەیی بێت و ڕۆژنامەنوسانیش ئازادبن لەئامادەبونی کۆبونەوەکان .

ــ فراکسیۆنی گۆڕان یەکەمین فراکسیۆن بوو کەبەفەرمی وبەواژۆی سەرجەم ئەندامانی لەگەڵ سەرهەڵدان وقوڵبونەوەی قەیرانی دارایی ودواکەوتنی موچەی فەرمانبەروموچەخۆران داوای بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی کرد کەلەپشکی گۆڕانیش بوو لە ( ٦-۹-۲۰۱٥)دا لەڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە ، بەڵام لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە ڕێگیری لێکراتاکو بێتە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان .

ــ بەبەراورد بەخولەکانی پێشوو تەخشان وپەخشانکردنی پارە بەڕێژەی ( ۷٥٪)وزیاتریش کەمکرایەوە ،و لەبری کڕینی ئوتومبێلیش بۆپەرلەمانتاران ئەوپارەیە درایە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی دەستی گروپی تیرۆریستی داعش ، وبۆ خانەوادەی هەرشەهیدێک بڕی (۲۰۰۰۰۰۰)دووملیۆن دینار دیاریکرا بۆپێدانیان .

ــ لەو ماوەیەدا (۷۰۷) پرسیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران ووەزارەت ودەستەکانی حکومەتکران کەزیاتر لە (۲۰۰)پرسیاریان لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕانەوەکراون ، ولەو (۷۰۷)پرسیارە ( ٥٦۰)پرسیاریان وەڵامەکانیان گەڕێندراونەتەوە بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتاران ، ئەمەجگە لەوەی کەهەرلەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕانەوە دەیان یاداشت و پڕۆژە دراوەتەحکومەت تاکو کارییان لەسەربکات ،و چەندین دۆسیەی گرنگ وهەستیاریش دراونەتە دادگاکان ودەستەی دەستپاکی ولایەنەکانی تری پەیوەندیداربۆ لێکۆڵینەوە .

ــ لەدانیشتنەکانی پەرلەماندا (۸)جار وەزیری وەزارەتە جیاوازەکان بانگهێشتکراون و ئامادەبوون ، و (۳٥)جارییش وەزیر بانگهێشتی لیژنەجیاوازەکانی پەرلەمان کراون . جگەلەئامادەبونی ئەنجومەنی هەرێمی بۆنەوت وگاز بۆپەرلەمان و لیژنەپەیوەندیدارەکان .

ــ خوێندنەوەی یەکەم بۆ ( ۱٤۷) پڕۆژەیاساوبڕیار کراوە ، ( ۱۸) یاسا دەرچوێنراوە کەیاسای گرنگ وپێویست بوون لەوانە ( یاسای کوردستان بو سندوقی داهاتە نەوتی وگازییەکان ، یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەلەهەرێم ، یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ، یاسای بودجەی پارتەسیاسیەکانی هەرێم ، یاسای نوسینەوەی دەستوری کوردستان بۆڕاپرسی ...... هتد...) ئەمەجگە لەدەرکردنی( ۳۷) بڕیاری گرنگ لەوانەش بڕیاری ژمارە (۱۹) کەتایبەت بوو بەهاوتاکردنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە بەهێزەکانی ناوخۆ ، بڕیارەکانی ژمارە ( ۲٤ ، ۲٥)کەتایبەت بون بە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و داننان بەکانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان .

ــ دەستبەکاربونی لیژنەی نوسینەوەی دەستورو نوسینەوەی بەشێکی زۆری دەستورەکە ، هەروەها دەستکرا بەهەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان وپێکهێنانی لیژنەیەک بۆئەو مەبەستە چونکە لەخولی چوارو خولەکانی پێشوشدا پەرلەمان خاوەنی پەیڕەوێکی پڕلەبۆمبی توقیتکراوبوو ، بەشێوەیەک پەرلەمان وپەرلەمانتارانی بەتەواوەتی کۆت وبەندکردبوو .

ئەمانە مشتێکن لەخەرواری ئەو جیاوازی وکارو گۆڕانکارییانەی کەلەپەرلەمانی کوردستاندا کران لەوماوەکورتەدا ، بەڵام پەکخستنی پەرلەمان و کڵۆمدانی دەرگاکەی جگەلەوەی عەیبەیەکی گەورەی هێنایە سەرشانی ئەو بەرپرسانەی چارەکە سەدەیەکە باس لەدیموکراسی ، سەروەری یاسا ، مافی مرۆڤ و دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکەن ، بوەهۆکارێکیش بۆباڵادەستی حکومەت وبەرپرسەکانی تاکو بەخواستی خۆیان و بێ چاودێری ولێپێچینەوە کۆمەڵێک بڕیاری نایاسایی و نالۆژیکی دەربکەن کەکاری ئەوان نیە ، لەوانە سەپاندنی سیستمی پاشەکەوتی موچە ، زیادکردنی باج وڕسومات ، زیادبونی ڕێژەی بێکاری وهەژاری وگەندەڵی و......... .

داخستنی پەرلەمان وەک گەورەترین دامەزراوەی یاسادانان لەهەرێمدا شتێکی نەهێشتەوە بەناوی ئەزمونی هەرێم وشانازیکردن پێوەی ، وەکاریگەریشی کردە سەر نەمانی هاوکاریەکانی باشور بۆڕۆژئاواوناوچەکانی دیکەش ، وەک ئەوەی نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا (غەریب حەسۆ) لە(۱۰-۱-۲۰۱۷) ئاماژەی بۆکرد لەکاتی سەردانیکردنی چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەجیاوازەکان بۆنوێنەرایەتی ڕۆژئاوا لەسلێمانی بەمەبەستی پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کانتۆنەکان لەڕۆژئاواو ڕاشکاوانە وتی ( لەوکاتەوەی پەرلەمانی کوردستان پەکخراوە ، هاوکارییەکانی باشوریش بۆ ڕۆژئاوا وەستاوە ) وەکاری کونسوڵیەکانیشی قورسترکرد بەوتەی ( جانێت ئەلبێردا)ی کونسوڵی هۆڵەندا لەهەرێم کەڕاشکاوانە لەکاتی سەردانی بۆنوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان لە ( ۱٥-۲-۲۰۱۷) داووتی ( داخستنی پەرلەمان کاری دیبلۆماتە ئەوروپیەکانی سەختکردوە ) .

هەرگیز پارتەدەسەڵاتدارەکان نەویستویانەو نەتوانیویشیانە پەرلەمان بکەنە مەرجەعی باڵای بڕیاردان ، نەڕێگەشیان داوە پارت ولایەنەکانی تر بەوکارە هەستن وشکۆ بۆدامەزراوەیەکی گرنگی وەک پەرلەمان بگێڕنەوە .
بەهیوای هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەرد بۆخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وکردنی پەرلەمان بەشوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەوگرفتەکان ، وەتەواوکردنی ئەو کاروهەنگاوانەی کەلەخولی چوارەمدا تەواونەکراون .

ـــ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا ....... .... ۲۳-۹-۲۰۱۸ .
بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان .

2630 جار خوێندراوەتەوە