کەویژدان نەما هەموو بەهاکان لەق دەبن؛

من دڵنیام لەوەی کەئەم هەرێمە گچکەیە بۆتە زبڵخانەیەکی گەورە بۆ ساخکردنەوەی کاڵاوشمەکی خراپ و کوالێتی نزم و ناتەندروستی وڵاتانی دەرەوە بەگشتی و دراوسێکانمان بەتایبەتی.

بێگومانیشم کەهەندێک بازرگانی بێ ویژدان وتەنها قازانج ویست (لەگەڵ ڕێزی زۆردا بۆ زۆرێک لەبازرگانە ویژدان زیندوەکان) خۆیان داوای کاڵای کوالێتی نزم دەکەن و دەیهێننە هەرێم و، دەرخواردی هاونیشتمانییەکانی خۆی دەدات، کە ئەمەڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

باشە گریمان وڵاتان ناحەزمانن و کام کاڵاوشمەکەی خراپە هەناردەی ئەم مەملەکەتە خێرلەخۆنەدیوەی دەکەن و هاوڵاتییەکانی بەشێنەیی کۆمەڵکوژدەکەن.

ئەوە چ کارەساتێکە بازرگانی خۆماڵی بەکاڵاوشمەکی دەرەکی هاوزمان و هاوشاری خۆی قڕبکات لەپێناو دەوڵەمەندبون و پارەدارکردنی خۆی .

بەداخەوە ماوەیەکە لە نێوخۆی کوردستان و لەنێو دوکان و خواردنگە و چێشتخانەکاندا، هەم گوێمان لەوشەی سەیردەبێت،و هەم چاومان بەخواردن وشمەکی سەمەرە دەکەوێت لەنمونەی( گۆشتفرۆشێک گۆشتی ئەسپی فرۆشتوە، لەچێشتخانەیەکدا گۆشتی گوێدرێژ دەرخواردی هاوڵاتیان دراوە، لەخواردنی نێوخواردنگەیەکدا چولەکەی مردارەوەبوو دۆزراوەتەوە، خواردنگەیەکی تر قیمەکەی لەئاوەستدا هەڵگرتوە، یەکێکی ترگۆشتی بۆگەن وقەدەغەکراوی بەکارهێناوە، ماستی کەڕواوی وکرماوی دەستی بەسەرداگیراوە، دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک ماتۆڕوتەنکەردا کەئاوی زێرابیان بەهاوڵاتیان و پڕۆژەکانی گەشتیاری فرۆشتوە)، ئەمانە چەند نمونەیەکن کەلەلایەن لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و لیژنەکانی قائیمقامییەتیەکان پێزانراون وسزادراون کە بێگومان مشتێکن لەخەروارێک.

باشە وتمان وڵاتان کاڵاخراپەکانیان بەسەرئێمەدا ساخدەکەنەوە، وتیشمان هەندێ بازرگانی چاوچنۆک لەپێناومشتێک پارەی زیاتر کاڵای خراپمان بۆهاوردەدەکەن.

ئەی ئەوانەی لەنێو بازاڕوخواردنگەو شوێنەگشتیبەکاندا ژەهرمان دەرخوارد دەدەن ناوبنێین چی و چ پێناسەیەک هەڵدەگرن .

میسرییەکان پەندێکی جوانیان هەیە کەدەڵێ ( هێندە سەرنجمان لەسەرماربوو، کەچی خەریک بوو دوپشک بمانخوات) کە ئەم پەندە ڕێک پێماندەڵێت کە ئێمە لە کاڵاوشمەک وخواردنی هاوردەی وڵاتان دەترساین کەچی لەناوخۆدا حاڵمان وێرانترەومەترسی زیاترلەسەر ژیانمانە.

لێرەوە ئەوڕاستییەمان زیاتر بۆدەردەکەوێت کەمافی بەکاربەرلەم مەملەکەتەدا چەندە لەپەراوێزدایەو چەندیش مافخوراوە، لەهەموو دنیادا پێویستە بەکاربەر زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر ئەو کاڵاوخواردنانەی کەڕۆژانەبەکاریدەهێنێت و دەیخوات لەڕووی جۆروپێکهاتەی دروستکردن وتەندروستی وماوەی دەرچون و بەسەرچونی .

بۆیە پێویستە لیژنەکانی چاودێری بازاڕو شوێنەگشتییەکان کە بەکوڕە گەورەی مافی بەکاربەر ناسراون بەدواداچونەکانیان زیاتربکەن، و زیاتر هاوکارییان بکرێت لەلایەن حکومەت ولایەنی پەیوەندیدارەوە.

ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیانیشە زیاترچاوکراوەو بەئاگاتربن و پاراستنی ژیان و تەندروستی خۆیان لەهەمووشت بەلاوە گرنگتربێت.

لەکۆتاییدا پێویستە هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە بەرژەندی گشتی و سەلامەتی و تەندروستی هاونیشتمانیەکانی بخاتەپێش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە، هەموان پابەندی ئەو وتەیەببین کەدەڵێت ( ویژدان تاکە دادگایە کەپێویستی بەدادوەر نیە)، چونکە کە ویژدان نەما هەمووبەهاکانی تر لەق دەبن.

369 جار خوێندراوەتەوە