کوردستان، هەرێمێک تێیدا بڕیاری حیزب تەقلە بەیاسا لێدەدا

بەپێی ماددەی (56) لە یاسای ژمارە ( 1)ی ساڵی ( )ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەدەق هاتووە، کە "پەرلەمان شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسەچارەنوس سازەکان دەبێت، و هەر ئەویش بڕیار لەسەر رێککەوتنەکان دەدات، هەروەها پەرلەمان پەیوەندییە یاسایی و دەستورییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دیاری دەکات".
کەچی لە کۆبونەوەی رۆژی سێ شەممەی ( 5-2-2019)ی نێوان وەفدی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری هەولێر،  هەردوو حیزب چەند بڕیارێکیانداوەو لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتون لەوانە؛  
ــ بڕیاڕیانداوە کە( 18)ی شوباتی( 2019)پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە هەولێر کۆبونەوە ئەنجامبدەن و هەردوولاو حکومەتی بەغداش ڕێگە چارەیەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکوک. ئەمانەو چەند پرسێکی تر، بەڵام بەلای منەوە ئەوەی، کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێت ئەوەیە، کە هێشتا لە هەرێمی کوردستاندا هێندەی بڕیارو راسپاردەکانی حیزب زاڵەو لەسەر زەمینی واقیعدا کاری پێدەکرێت چارەکە هێندەی ئەوە یاساکانی پەرلەمانی کوردستان و یاسا کارپێکراوەکان لە هەرێم کاریان پێناکرێت، کە ئەوەش جگە لە بێ رێزیکردن بە پەرلەمان، بێ هەیبەتکردنی یاساکانیشە کەل ەو پەرلەمانەوە دەرچوێنراون.

 

هەرچەندە من بەگومانم، کە بتوانرێت لەو کاتەی دیاریکراوە چ پەرلەمان و چ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بتوانن کۆبونەوەکانی، کە بڕیاریان لێداوە ئەنجامبدرێن، چونکە ئەزمونمان لەگەڵ ئەوجۆرە بڕیارانەی، کە لە کۆبونەوەکانەوە دەدرێن هەیە، بەڵام ئەوەی، کە مایەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەر بۆ کردنە ئەوەیە، کە چ خێرەو لە کوێی دونیادا هەبووە لە بارەگاکانی مەکتەبی سیاسی دوو حیزبدا بڕیار لەسەر کۆبونەوەکردن و نەکردنی پەرلەمان بدرێت، کە بەحساب لە ئێستادا گەورەترین دامەزراوەی هەرێم و هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانە.

 

بەداخەوە بڕیاردان لەسەر دەسپێکردنەوەی کۆبونەوەی پەرلەمان کارێکی تازە نیەو دوای دوو ساڵ لە پەکخستنی پەرلەمان دواجار لە مانگی ئەیلولی (2017) دا هەر لە کۆبونەوەی نێوان هەردوو حیزب بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەماندراو لەوەش کارەساتتر ئەوەبوو، کە کارنامەی یەکەم دانیشتنیش کە ( 15-9-2017)بوو هەر لە بارەگای حیزبەوە دانران.

 

لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە ئاراوە بۆ هەموو حیزبەکان و پێویستیان بە وەڵام دانەوە هەیەو ناکرێت بێ وەڵام بمێننەوەو هەروا بە سادەیی لێیان بڕوانرێت لەوانەش:
ــ یەکێتی و پارتی، کە زۆر باس لە سەروەری یاسا دەکەن و هەرخۆشیان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992)یان دەرچونداوەودەنگیشیان بۆداوە،بۆ پشتگوێی دەخەن و بڕیاری نێو بارەگاکانی خۆیانیان لە یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم لەلا گرنگترو پیرۆزترە؟

ــ ئەو حیزبانەی بەگشتی و بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی، کە لە دانوستاندان بۆ بەشداریکردن و نەکردن لەحکومەتدا ، لەدوای ئەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر هەموو بابەتەکان رێککەوتن و تەنانەت رۆژیشیان دیاریکرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان، پێمان بڵێن مححەلی ئێوە لەئیعرابدا چیەو لە کوێدایە؟ 

ــ بۆ هەموو پارتەسیاسیەکانی هەرێم کە خاوەنی کورسی پەرلەمانین لە تاکە کورسیەکەوە بۆ زۆرترین کورسی، ئایا پێتان وانیە، کە هەموو دامەزراوەکانی هەرێم و لە نێویشیاندا پەرلەمانی کوردستان کەگەورەترین دامەزراوەی یاسادانانە لە هەرێم بونەتە ئامێرێکی خنجیلانە بەدەست حیزبەوەو کەی ویسترا کاری پێدەکرێت و گەر بە پێویستیش نەزانرا ئەوا کڵۆم لە دەرگاکەی دەدرێت یان راست و چەپێک بەسەریدا دەهێنرێت.

بۆیە ئەو رووداوو پێشهاتانەی، کە لەم هەرێمەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە کورد خۆی تێیدا حوکمڕانی دەکات و بەرپرسەکانیشی زوو زوو دەم وەردەدەن لەسەروەری یاساو حوکمڕانی ڕەشید جگە لە گەوجاندنی رایگشتی، گەڕانەوەشە بۆ دواوە بە هەزاران میل.

 

وە یەکێک لە سەیروسەمەرەکانی تری دەسەڵاتدارانی مەملەکەت ئەوەیە، کە لێرە بڕیاری حیزب زۆر بە ئاسانی بۆرِ بە یاسا لێدەدات و زۆرجاریش بڕیاری تاکەکەسیش بوڕ بە بڕیاری حیزب و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم لێدەدات.

737 جار خوێندراوەتەوە