لە ١٧ ساڵی رابردوودا، هەتا بەستنی کۆنفرانسی کرکوک لە ١٦/٩/٢٠٢٥
بزوتنەوەی گۆڕان بەسێ سەردەم و سێ قۆناغ و سێ ڕێکخەری جیاوازدا تێپەربوە.
قۆناغی یەکەم: بەقۆناغی ( کارێزما ) و پشتیوانی بەرفراوانی خەڵک لە بزوتنەوەی
گۆڕان دەناسرێتەوە و بە وەرزی بەهاری گۆڕان ناو دەبرێ کە ( ڕەوانشاد نەوشیروان
مستەفا ) ڕێبەرایەتی دەکرد.
قۆناغی دووەم: بە قۆناغی بەڕێز عومەر سەید علی و کۆچی ( کارێزما ) و پاشەکشەی
جەماوەری و سەرەتای گەلە کۆمەکێی نەیاران و پلانگێڕی لە ناوەوەو دەرەوەی بزوتنەوەی
گۆڕان دەناسریتەوە، کە ئامانج لێی کۆتای هێنان بوو بە بزوتنەوەی
گۆڕان.
قۆناغی سێ یەم: قۆناغی بەرێز دانا ئەحمەد مجیدە کە توندبونەوەی ململانیکان تا
ئاستی لێکترازان و هەوڵدان بۆ هەڵوەشانەوەی گۆڕان سەری کێشا کە خۆش بەختانە
بزوتنەوەی گۆڕان مایەوە و مەترسی یە یاسایی و دوستوریەکان تێ پەراند.
ئێستا ئیتر دوای تێپەراندنی هەموو ئەو بەربەست و لەمپەرە
نەخوازراوانەی بۆ بزوتنەوەکە دروستکرا، دەبێ رێکخەری قۆناغی سێ یەم و سەرکردایەتی
گۆڕان لەم قۆناغە نوێ یەدا بە کردەوە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی کە ( گۆڕان ) لە
بزوتنەوەیەکی (کارێزمای ) یەوە بگوازنەوە بۆ بزوتنەوەیەکی ( دامەزراوەیی ) حەقیقی
و راستەقینە کە حەماسەت و هەڵچونی کەف و کوڵی کاتی بگۆڕێ بۆ پرۆژە و ململانێ بگۆڕێ
بۆ بەسیستم کردن و یادەوەریەکانی رابردوو بگۆڕێ بۆ ستراتیژی کارکردن و چالاکی بێ
پلان بگۆرێ بۆ چالاکی بە بەرنامە و ڕێکخراو-- هتد بۆیە ئەرکی ئەم قۆناغەی رێکخەری
نوێ تەواو جیاوازە لە ئەرکی دوو قۆناغەکەی پێشوو کە ئەوەندەی هەردوو رێکخەر سەرقاڵ
بوون بەوەی کە کێ بۆ فڵان پۆست بێ و کێ کاندیدی پەرلەمان و کێ سەرۆکی تیمی حوکمەت
و کێ سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بێت، بۆ ئەوانەی درۆیان لەگەڵ پەیام و بەرنامەکانی
گۆڕان کرد، ئەوانەی کە دەستیان گەیشت بە پۆست و ئیمتیازات و موچەی پلە باڵا و
دواجار بەبیانوی جۆراو جۆراو گۆرانیان بەجێ هیشت و خەڵکیان لە بزوتنەوەی گۆڕان
نائومید کرد.
ئێستا ئیتر دوای ئەو ئەزمونە تاڵ و هەموو ئەو هەڵە سیاسی و
رێکخراوەیی یانەی کە بەسەر گۆران هات و تێ پەری، پرسیارە گرنگ و سەرەکی یەکە ئەوەیە کە قۆناغی سێ یەم و ڕێکخەری
گشتی نوێ چۆن گۆران بەرێوە دەبات، ئایا ئەویش گۆڕان وەک رابردوو بەرێوە دەبات، یان
بە پێچەوانەوە بە بڕیاری بەکۆمەڵ و بە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ دەستەبژێری ئاقڵ مەند و بەهەوڵی
دەستە جەمعی گۆڕان چالاک دەکاتەوە و ئەم قۆناغە دەکاتە قۆناغی زێرینی رێکخستنەوە و
گواستنەوەی گۆڕان لە قۆناغی ( کارێزما ) وە بۆ سەردەمی سەرکردایەتی بە کۆمەڵ و
بەسیستم کردن و بە دامەزراوەیی کردن کە سەرلەنوێ متمانەی خەڵک بۆ گۆڕان
دەگەڕێنیتەوە؟
70 جار خوێندراوەتەوە