ئایا دەکرێت کچ و کوڕ بێ ئامادەبونی باوک و بێ مارەکردنی لای مامۆستای ئایینی بچنە دادگا و مارە بکرێن ؟
هاوسەرگیری گرێبەستێکی پیرۆزە و مەرج و ئەرکانەکانی گرنگن بۆ هاتنەدی زەواجێکی شەرعی ، یەکێک لەو مەرجانەش بۆ دروست بونی هاوسەرگیری ئاگاداربون و ڕەزامەندی وەلی ئەمری ئافرەتەکەیە لەگەڵ بوونی شاهید بۆیە پێغەمبەرمان “ ص " دەفەرموێت “ لا نکاح الا بولی “ هاوسەرگیری دروست نابێت بەبێ بون و ڕەزامەندی ولی ئافرەتەکە ، وە ئەمەش بەپێی ڕای جمهوی زانایان ئەمەیان کردوە بە بنەما و ڕایان وایە هاوسەرگیری بێ بونی ڕەزامەندی وەلی ئەمری ئافرەتەکە نایەتەدی و جا کچ بێت و باکر بێت یان بێهاوژین بێت جیابوبێتەوە و تەڵاقدراو یان مێرمردوو بێت .
بەڵام ، ئەوەی بۆتە جێی پرسیار و مایەی پرسیاری خەڵک ئەوەیە ڕای ئیمامی ابو حنیفە یە کە رای ئەم ئیمامە ئەوەیە کە ڕەزامەندی وەلی ئەمر بۆ هاوسەگیریکردنی کچ یان ئافرەتی بێهاوژین پێویست نیە و بە مەرجی دانەناوە لە کاتێکدا فەرمودەی صحیحی پێغەمبەری لەسەرە ! و هەر سێ مەزهەبەکەی تری ئیسلام ئیمامی “ شافعی و مالی و حنبلی “ ئەوەیان بڕاندۆتەوە کە زەواج بێ ئیزنی ولی ئافرەتەکە نایەتەدی ، وە ڕای ئیمامی ابو حەنیفەش خیلافی ڕای هەرسێ مەزهەبەکەی دیکە هەیە .
وە ئەوەی گرنگە ئێمە وەکو کورد سونی مەزهەبین و لەسەر ڕای ئیمامی شافعی مەسائیلە شەرعیەکانمان وەرگرتوە و لەم بابەتەشدا ئافرەت چ کچ یان بێ هاوژین بێت پێویستە بە ڕەزامەندی باوک و ولی ئەمری زەواج بکات بەپێی ئەم مەزهەبە وە سوپاس بۆ خوا لە عورف و دابو نەریتی کۆمەڵایەتیشماندا ئەمە ڕەنگی داوەتەوە و نابینین لە خێزانێکدا ئافرەت شوو بکات باوک و کەسوکاری ئاگاداری نەبن ، ئیدی هەندێک مامۆستای ئایینی بۆ شەرعاندنی مارەکردنێکی بێ ڕەزامەندی وەلی ئەمر لە حاڵەتێکی وادا لابدەنە سەر ئیمامی ابو حەنیفە دەبێت یان نا ئەوەیان شتێکی ترە !
لەووی یاساییەوە :
یاسای باری کەسێتی لە ماددە “ 6 “ لە یاساکەدا بۆدروستبونی هاوسەرگیری بونی باوک و وەلی ئەمری کچەکە یان ژنە بێ هاوژینەکەی بە مەرج نەگرتوە بەڵکو تەنها رەزامەندی ژن و پیاوەکە و بونی شاهیدی بە مەرج گرتوە و لەم بابەتەشدا یاسای باری کەسێتی بەڕای ئیمامی ابو حنیفەی وەرگرتوە و بۆیە دەبینین کە کچ و کوڕی سەرو هەژدە ساڵ دەچنە دادگا بۆ گرێبەستی هاوسەری پێویست ناکات وەلی ئەمری کچەکەیان لەگەڵ دا بێت ، تەنها بۆ کچی خوار هەژدە ساڵ پێویستی بە ڕەزامەندی وەلی ئەمرەکەی هەیە لەبەردەم دادوەردا ئامادەببیت ، بۆیە دەبینین هەر خێزانێک ئافرەت دەدات بە شوو ناهێڵن بڕواتە دادگا مارە بکرێت تا لە ماڵەوە لای مامۆستای ئایینی بە ئامادەبونی وەلی ئەمرەکەی مارە نەکرێت وە دوای نیو سەدە لە دەرچونی یاساکە خەڵک ئەمەی قبوڵ نەکردوە بێ وەلی ئەمر کچ بچێتە دادگا و مارە بکرێت چونکە بە شەرعی نازانن .
بەڵام بۆ ئافرەتێک کە بێهاوژین بێت جیابوبێتەوە یان مێردی مردبێت تەنانەت گەر خوار هەژدە ساڵیش بێت پێویست ناکات بۆ هاوسەرگیریکردنەوە باوک یان وەلی ئەمری لەگەڵ بێت لەبەر ئەوەی بەپێی قانون رعایە احداث کاتێک ئافرەت خوار هەژدە ساڵیش بێت کە هاوسەرگیری کرد حسابی سەرو هەژدەساڵی بۆ دەکرێت و دەتوانێت کاروباری یاسایی خۆی بکات .
▫️کەواتە بەپێی فەرمودەی صحیحی پێغەمبەرمان محمد “ ص “ هاوسەرگیری بێ بونی وەلی ئەمر دانامەزرێت وە بەپێی ڕای هەرسێ ئیمامەکانی ئیسلام جگە لە ابو حنیفە ، وە یاساش خیلافی فەرمودەی پێغەمبەر و ڕای ئیمامەکانی دیکەی ئیسلام و ئیمامی شافعی بەپێی ڕای ئیمامی حەنەفی ڕێگای داوە ئافرەتی سەرو هەژدەساڵ و بێهاوژین بێ بونی وەلی ئەمر گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ بکرێت .
پارێزەر
شاڵاو ابوبکر علی
452 جار خوێندراوەتەوە