ئایا شەو و ڕۆژ بۆ زیندانیان هەژمار دەکرێت ؟ واتە شەو وڕۆژێک دوو ڕۆژ لەحوکمەکەیان دەبات؟

ڕەنگە زۆر جار ئەم پرسیارە بە خەیاڵماندا هاتبێت یان لەسەر زاری خەڵک بیستبێتمان کە ئایا زیندانیان کاتێک حوکم دەدرێن و ماوەی حوکمەکەیان لەچاکسازی بەسەردەبەن شەوو و ڕۆژێکیان بە دوو ڕۆژ بۆ هەژمار دەکرێت یان نا کە وەڵامەکەی نەخێرە  و ئەمە تەنها  بریتییە لە قسەی خەڵکی کە وەرگیراوە لەکۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپی کەلەهەندێک تاوان دا شەو و ڕۆژ بە دوو ڕۆژ هەژمار دەکەن بۆ زیندانی ، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمە نیەو شەو و ڕۆژ ئاسایی بە یەک ڕۆژ هەژمارە . 

بەڵام شتێکمان هەیە بەناوی “ الإفراج الشرطي " ئازادبون بە مەرج بەپێی ماددە “331 “ لە قانون أصول المحاکمات الجزائیە کە بۆ ئەو زیندانیانە دەکرێت کە حوکمەکەیان زیاتر لەیەک ساڵە و نابێت لەشەش مانگ کەمتری تەواو کرابێت و لەپێنج ساڵ زیاتری مابێت حوکمەکەی ، کە هەڵبەت ئەویش بۆ هەمووی نا و کۆمەڵێک ماددەی وەک تیرۆر لێبەدەرکراوە ، کەتیایدا لەیەک ساڵ سێ مانگ دەدرێتەوە بە زیندانی و “ لەو ماوەیەدا سزاکەی ڕادەگیرێت “ بەبڕیاری دادگای تایبەتمەند ئەویش دوای داواکاری زیندانی و پشتگیریکردنی لەلایەن ئیدارەی چاکسازی و داواکاری گشتی کە کەسێکی خاوەن سومعەی باش و بێ کێشە بووە لەزیندان . 

ئەو کات دادگا بڕیار دەدات بەئازادکردنی گەر سزاکەی یەک ساڵ بووبێت دوای نۆ مانگ لەسزاکەی ئازاد دەکرێت یان سزاکەی دە ساڵ بووبێت سی مانگ لەسزاکەی بۆ دەگەڕێتەوە و ئازاد دەبێت وە گەر ماوەکە تێپەڕی و هیچ تاوانێکی دیکەی نەکرد سزاکەی سقوط دەکات و وەک ئەوەیە لە زیندان بەسەری بردبێت . 

▫️جا هەر کات وترا زیندانی یەک ساڵ واتە شەش مانگ چونکە شەوو ڕۆژت بۆ حسابە باوەڕ مەکە تەنها ئەوە هەیە کە باسم کرد ئەویش ڕەنگە بۆ هەموو زیندانییەک نەکرێت گەر مەرجەکانی تێدا نەبێت و لە چاکسازی مایەی کێشە بووبێت بۆ ئیدارەکەی .

843 جار خوێندراوەتەوە