سوڵحی عەشایەری دەتوانێت سزای تۆمەتباران کەمبکاتەوە ؟ لە یاساکان دا جێی بۆکراوەتەوە ؟

سوڵحی عەشایەری دەتوانێت سزای تۆمەتباران کەمبکاتەوە ؟ لە یاساکان دا جێی بۆکراوەتەوە ؟ 

سوڵحی عەشایەری بریتییە لە ڕێککەوتن و ئاشتەوایی لەنێوان سکاڵاکار وتۆمەتبار و کەس و کاریان بەنێوەندگیری  کەسانی تر لەپیاوماقوڵان و بەرپرسان و کەسانی دەم سپی و ئایینی و کۆمەڵایەتی حساب بۆکراو جا بەرامبەر پارە و سوودی ماددی و خوێنبایی یە یان بەپیاوەتی و مرۆڤایەتی و نەشکاندنی قسەی  ئەو کەسانەی بە صوڵحەکە هەستاون . 

‌‎ ▪️ئایا صوڵح لە یاساکان دا باس کراوە ؟ 

‌‎بێگومان بەڵێ لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەکی یاسا ڕێکخستنی کۆمەڵگا و چارەسەری کێشەکانە بۆیە لەکاتی صوڵح کردنیشدا ئەو ئامانجەی یاسا بەدیدێت و کێشەکە کۆتایی پێ دێت بۆیە لە قانون اصول محاکمات جزائی دا  لە ماددەکانی ( 194 تا 198 )  باسکراوە تایبەت بەو داوایانەی هێشتا تەواو نەبوون و لە قۆناغی لێکۆڵینەوە یان دادگایی دان ، یاخود لە دوای دەرچوونی بڕیار تیایان دا کەپێی دەوترێت ( صفح )  بەپێی ماددەکانی ( 337 تا 341 )  لە هەمان یاسا . 

‌‎▪️صوڵح چی لەداوا و سزا  دەکات کۆتایی پێ دەهێنێت ؟

‌‎ئێمە دوو جۆر داوا و سکاڵامان هەیە ئەوانەی بە تاوانی تایبەت “ جرائم خاصە “ ناودەبرێن و تەنها حقی خاص یان تێدایە وە ئەوانەی هەم مافی تایبەت هەم گشتی “ حق العام “ یان تێدایە . 

‌‎یەکەم -  صوڵح لە جرائم خاصە “ مافی تایبەت “ 

‌‎ئەمە ئەو تاوانانەن کەلە ماددە (3 ) لە هەمان یاسا باسکراوە و لێخۆشبون و صوڵح کردن کۆتایی بە داوا و سکالا دەهێنێت و بەیەکجاری پەراوەکە دەداخرێت لەهەر قۆناغێک دا بێت وەک هێنانی ژنی دووەم لەدەرەوەی دادگا لێخۆشبوونی ژنی یەکەم پەراوی داواکە دادەخرێت یان شەڕ کردن و جنێودان  “ کە لە کۆمێنت جۆرەکانیم بۆم داناون چ تاوانێکن “  

‌‎دووەم - سوڵح لە جرائم “ حق العام “ کە مافی گشتی تێدایە . 

‌‎صوڵح و لێخۆشبوون جگەلەو تاوانانەی لە بڕگەی یەکەم باسکران یان لە یاسایەکی تر استثناء کراون هەموو ئەو تاوانانەی دیکە لە یاسای سزادان باسکراون کە مافی گشتی یان تێدایە بە لێخۆشبون پەراوی داواکە داناخرێت بەڵکو تەنها مافی تایبەتی سکاڵاکار یان داواکاران بەمافی کەسی تێدا نامێنێت وەک تاوانی کوشتن گەر کەسوکاری کوژراو صوڵحیش بکەن داواکە داناخرێت بەهۆی بوونی مافی گشتی تێیدا ، بەڵام ئەمە کاریگەری گەورە لەسەر سزاکە دادەنێت و بەجۆرێک دادگا دەتوانێت دەستکراوە بێت لە کەمکردنەوەی سزاکە چونکە مافی تایبەتی تێدا نەماوە و بەزەییشی بۆ بەکاربهێنێت بۆ مافی گشتی و سزاکەی دابەزێنێت . بەڵام ناکرێت بە دیاریکراوی بڕی سزاکە دابنێین چونکە ئەوە دەسەڵاتی دادگایە و لە کەیسێک بۆ کەیسێک دەگۆڕێت ، بەڵام لە تاوانە قەرسەکانی وەک کوشتن کە بارودۆخی قورسکەر “ ظرف مشدد “ ی تێدایە کەسی تۆمەتبار چەند ساڵێک هەر زیندانی دەکرێت . 

‌‎▪️ ئایا لە داوایەک دا کە سوڵح کرا تۆمەتبار دەکرێت بەڕاگیراوی بمێنێتەوە ؟ 

‌‎نەخێر دادگا دوای قبوڵی سوڵحەکە ئازادی دەکات بە کفالەت گەر قەناعەتی وابو کێشە بۆ رەوتی لێکۆڵینەوە دروست ناکات و کەیسەکە لە تاوانە قورسەکان نیە ، یان گەر پەراوەکە جرائمی خاصە بوو  إفراجی دەکات و بڕیار بە داخستنی دەدات . ( 197 / ب )   

‌‎▫️دەرکەوت سولحی عەشایەری جێگایەکی گەورەی لەیاساکاندا گرتووە و وسیلەیەکی گرنگە بۆکۆتایی هێنان بەکێشە و ئاشتەوایی و چەسپاندنی سەقامگیری بۆیە اعتبارێکی گەورەی بۆ دەکرێت و زۆرجار دادگا خۆی مۆڵەتی لایەنەکان دەدات بۆ ڕێککەوتن چونکە کێشەکە و نەزیفەکە دەوەستێت و زۆر جار خوێن و قەرەبووی ماددی بەلایەنی زیانمەند دەدرێت و تۆمەتباریش لە سزایەکی زۆر ڕزگاری دەبیت . 

‌‎
 

1348 جار خوێندراوەتەوە