ئایا بەپێی یاسا دەتوانم منداڵێکی بەجێهێڵدراو هەڵبگرمەوە؟ لەخۆمی بگرم یان بیکەمە منداڵی خۆم و «تەبەنی»ی بکەم؟

ئایا بەپێی یاسا دەتوانم منداڵێکی بەجێهێڵدراو هەڵبگرمەوە؟ لەخۆمی بگرم یان بیکەمە منداڵی خۆم و «تەبەنی»ی بکەم؟

تەبەنیكردن واتە "کەسێک منداڵێکی بێ دایک و باوک بکاتە منداڵی خۆی و لەسەر ناوی خۆی تۆماری بکات وەک منداڵی خۆی"، هەروەک چۆن لە شەرعدا حەرام کراوە، لە یاسای عێراقیشدا ڕێگەی پێ نەدراوە.
بەڵام بەپێی شەرع و یاسای عێراقیش، یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە (76)ی ساڵی 1983 ڕێگە دراوە بە لەخۆگرتن واتە (ضم)کردنی منداڵێک کە دایک و باوکی نەماون یان مەجهولولنەسەب بێت، واتە دایک و باوکی نەزانرێت کێن. بەپێی یاسای ناوبراو لە ماددەکانی (39 تا 43) کە تێیدا یاساکە ڕێوشوێنەکانی داواکاریی لەخۆگرتنی منداڵی ڕێکخستووە و بەکورتی بەم جۆرەیە:
ژن و پیاوێک دەتوانن داوا بکەن لە دادگای نەوجەوانان بۆ منداڵێک، کە یاساکە بە مەرجی نەگرتووە کە نەتوانن منداڵیان ببێت، واتە ئەگەر منداڵیشیان هەبێت دەتوانن داوا بکەن و ڕێگری نییە بەم مەرجانە:

عێراقی بن.

خاوەن سومعەیەکی باش بن.

عاقڵ و سەلامەت بن لە نەخۆشی.

توانای پەروەردەکردنی منداڵەکەیان هەبێت.

حوسنی نییەت، واتە نییەتی خێر و باشیان هەبێت لە لەخۆگرتنەکەدا.

دوای داواکارییەکە و بوونی مەرجەکان و دوای ئەوەی سەرەی ئەو خێزانە هات، سەرەتا دادگا وەک ماوەیەکی تەجروبی بڕیارێکی کاتی دەدات بۆ ژن و پیاوەکە بۆ شەش مانگێک، بۆ ئەوەی بزانرێت بەرژەوەندیی منداڵەکە لە (ضم)ەکەدا هەیە، دواتر دوای دڵنیابوونەوە دادگا بڕیاری کۆتایی دەدات. وە زۆربەی ئەو منداڵانەش کە دادگا لەخۆگرتنیان دەکات بۆ خێزانێک "مەجهولولنەسەب"ن.

◻️ مەجهولولنەسەب واتە چی؟
کە دایک و باوک نادیارن و بەو منداڵانە دەوترێت کە بە هەر هۆیەک فڕێ دەدرێن یان بەجێدەهێڵدرێن، جا منداڵی شەرعی بێت یان ناشەرعی، و بە جۆرێک کەس نازانێت دایک و باوکی کێیە و دواتر لە ڕێگەی پۆلیس و دادگای نەوجەوانانەوە دەکرێن بە مەجهولولنەسەب.

بەپێی ماددەی (44)ی یاساکە، بەپێی یاسای باری کەسێتی ئیقرار بە مەجهولولنەسەبیی منداڵ دەکرێت. وە بەپێی ماددەی (45)ی یاساکە، منداڵەکە کە ڕەچەڵەکی نادیارە و "مەجهولولنەسەب"ە بە موسوڵمان و عێراقی لەقەڵەم دەدرێت. وە بەپێی ماددەی (46)، وێنەیەک لە بڕیاری دادگا بە (ضم) و بە نەسەب دەنێردرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باری شارستانی بەمەبەستی تۆمارکردنی بە "مەجهولولنەسەب" (ڕەچەڵەک نادیار).
کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت هیچ کەسێک ناتوانێت منداڵێک لەخۆبگرێت کە دایک و باوکی دیار بن، با بەجێشیان هێشتبێت یان خۆیانی لێ بێبەری بکەن، مادام دیارن و نەسەب دیارە هەر بەناوی ئەوان دەبێت و لە خانەی بێسەرپەرشتان دەمێنێتەوە.

لە کۆتاییدا: ئەوانەی هاوسەردارن بزانن منداڵ خستنەوە گەورەترین بەرپرسیارێتییە و بوونی منداڵ بەخششێکی گرنگی خوای گەورەیە. ئەوانەش بە هەر هۆیەک خوای گەورە بە نەبوونی منداڵ بەسەری کردوونەتەوە، دەتوانن ببنە دایک و باوکێکی باش بۆ منداڵێکی مەجهولولنەسەب بەو ڕێگەیەی باسم کرد، هەرچەند ئەویش زۆر کەمە و دەیان خێزان لە چاوەڕێی منداڵێکدان لە خۆیانی بگرن...

پارێزەر شاڵاو ئەبوبەکر عەلی

26/8/2023

357 جار خوێندراوەتەوە