قەناعەت باشترین کانزا و دراوە.

قەناعەت باشترین کانزا و دراوە.

زۆرن ئەوانەی بەدوای قازانج و خێرکردنەوەن لەو داهات و دەستمایەی کە پێیانە بە جۆرێک زۆر جار پەنا بۆ بازاڕە دراوی و ئابوریەکان دەبەن لەگەڵ بەرزی و نزمی بازاڕ پارە و سەرمایەی تێدەکەن بەنیازی سودو قازانج لە کاتێکدا ئەم کارە کاری بنەڕەتی و سەرەکیان نیە و بچوکترین هەڵە و جوڵەی ناجۆر سەرجەم پارەکانیان دەخاتە مەترسیەوە بەڵام ڕەنگە زۆرینەیان لەخۆیان نەپرسیبێت 

تۆ کە خاوەن مووچەو ئیش و کاری پارەیەکی داندراوت هەیە خاوەن ماڵ و ئۆتۆمبیلی و دەستت بەدەمی خۆت دەگات ، تۆ کە لەشت ساغە و داهاتێکی سنوردار پێویستیەکانت دەردەکات چیت داوە لە سەدایەک کە ئەوسەری دیار نیە ؟! ، بۆ قسەی ئەم و ئەو و هەوای سۆشیال میدیا و کەناڵەکان لەسەرت دەدات ؟   

سەودایەک کە سەری لە قومار دەردەچێت ئەوە دەهێنێت دار و نەدارتی تێبکەیت ؟ تۆ قەت بیرت لەوە کردۆتەوە قازانجی ئەو جۆرە مامەڵەیە ئالودەت دەکات ؟ 

دەزانیت وات لێدەکات حەوسەڵەی پارەی کەم و مووچە و داهاتی ئاسایی خۆتت نەمێنێت و هەر هەڵپەی زۆرتر و زۆرتر بکەیت و ئیغرا ببیت بەو سوودەی دەیکەیت و سەرئەنجام ئەوە بۆت هاتوە و ئەوەی هەشتبوە تێیدەنێیت ؟ 

بۆیە ژیان ئەو هەموو قەلەقی و ڕاڕاییەی ناوێ ئیسراحەتی خۆت و ماڵ و مناڵت بۆ دەشێوێنیت نانێکی کەم خەوێکی بێ خەوش و پچڕان سەروەتی قارون دەهێنێت  

دەیان ڕێگای تر هەیە ئەسپی خۆتی تێدا تاو بدەیت وهەم پارێزگاری لەسەرمایەکەت بکەیت هەم سودێکی حەڵاڵی لێدەست بخەیت بەڵام بیرکرنەوە و جوڵەی دەوێت بۆیە لەبری خودانە بازاڕە دراویە بێ ڕەحمەکان لە سەردەمی سەرمایەداری و فێڵداری دا بیر لە ڕێگایەکی دیکە بکەرەوە .

لە کۆتایی دا ڕەنگە ئەم بابەتە پەیوەندی بە کارو پسپۆری من وەک پارێزەرێک نەبێت بەڵام بەپێی تێگەیشتن و وردبونەوە لە کۆمەڵگا و بەرکەوتنمان لەگەڵ زۆربەی کەس و کایەکانی ناو کۆمەڵگە ئەوەمان بۆ ڕونبۆتەوە کە ژیانێکی ئارام و بێ کێشە دور لە سترێس سەرمایەیەکی نەبڕاوەیە لە کاتێکدا ڕونگە بەهەموو زێڕ و زیوی دنیا نەیەتە دی . 

پارێزەر
شاڵاو ابوبکر علی
1/2/2026

233 جار خوێندراوەتەوە