ئایا دەکرێت مارەیی خانمێک ئاڵتون نەبێت ؟ مارەیی بە زیو یان پارە دەبێت ؟ هاوسەرگیریەکە دادەمەزرێت ؟ شەرع و یاسا چی دەڵێن لەوبارەیەوە ؟
مارەیی جۆر و شێوازی عورف دیاریدەکات و لەسەردەم و کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە جیاوازە و مەرج نیە مارەیی تەنها ئاڵون بێت بەڵکو دەکرێت مارەیی “ ئاڵتون ، زیو ، پارە ، خانوو ، زەوی ، شوقە بێت بەمەرجێک دیاریکرابێت جۆر و شێوازەکەی یان دەکرێت کەلوپەل و پێداویستی و ئۆتۆمبیل یان بگرە ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر بێت ! “ واتە هەر شتێک قیمەتێکی ماددی هەبێت یان معنوی بێت وەک مصحفێک قورئانی پیرۆز ! کە دەکرێت بکرێتە مارەیی بۆ ژن لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ، وە لەڕابردووشدا عورفی کۆمەڵایەتی لە نیوەی سەدەی پێشوو و بەرەودواوە مارەیی ئاژەڵی ماڵی وەک مانگا و بزن و مەڕ یان دانەوێڵە دادەندرا ، بەڵام وردە وردە ئەمە بوە کانزا و ئاڵتون و زیو یان کانزای بەنرخی دیکە بەپێی سەردەمەکان ، کەواتە بەڵێ دەتوانین بڵێین مارەیی جگە لە ئاڵتون دەکرێت هەر شتێکی دیکە بێت وەک باسمان کرد .
بەڵگەمان لەڕوی شەرعیەوە :
خوای گەورە لە سورەتی النساء ئایەتی “ 4 “ دەفەرموێت
وَآتُوا النِّسَاءَ صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَةً ۚ فَإِن طِبْنَ لَكُمْ عَن شَيْءٍ مِّنْهُ نَفْسًا فَكُلُوهُ هَنِيئًا مَّرِيئًا
وە ئەگەر ئێوە ژنتان هێنا ئەوە مارەییەكەیان بدەنێ بەدڵخۆشی و بە پێخۆش بوونی خۆتان و لە دڵتانەوە دەرچێ [فَإِنْ طِبْنَ لَكُمْ عَنْ شَيْءٍ مِنْهُ نَفْسًا فَكُلُوهُ هَنِيئًا مَرِيئًا (4)] وە ئەگەر ئافرەتان خۆیان لە دڵیان دەرچوو بەبێ ئەوەی زۆریان لێ بكرێ شتێك لە مارەییەكەیان بۆ گێڕانەوە ئەوا ئێوە بەباشی و بێ زیان بیخۆن و نۆشی گیانتان بێ مادام فێڵتان لێ نەكردوون .
هەروەها دەفەرموێت “ وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ فِيمَا تَرَاضَيْتُم بِهِ مِن بَعْدِ الْفَرِيضَةِ ۚ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيمًا حَكِيمًا “ وە لە دوای دەستنیشان كردنی مارەییش گوناهبار نابن ئەگەر لە نێوان خۆتاندا ڕێ بكەون ئایا زیاتری ئەدەیتێ یان بۆت ئەگەڕێنێتەوە لە دڵەوە دەرچێت .
لێرەوە دەگەینە ئەوەی لە شەریعەتی ئیسلامیش دا جۆری مارەیی دیارینەکراوە و دەکرێت خۆیان لەسەر هەر شتێک ڕێکبکەون و کارئاسانی بۆ یەکتر بکەن .
بەڵگەمان لەڕووی یاساییەوە :
گەر سەرنجی یاسای باری کەسێتی بەرکار بدەین لە هەرێم لە ماددەکانی “ 19 تا 22 “ لە باسی مارەیی دا بەهیچ جۆرێک باسی جۆری مارەیی نەکردوە کە ئاڵتون بێت یان هەر شتێکی دیکە و ئەمەی بۆ رێککەوتن و بڕوای ئەو دوو کەسە یان ڕاستتر خانمەکە بەجێهێشتوە و لە کاتی دەرکردنی گرێبەستی هاوسەریشدا ڕێگری ناکرێت لەدانانی هەر شتێک کە قیمەتی ماددی هەبێت لەوانەی باسمان کرد یان تەنانەت قیمەتی مادیشی نەبێت و معنوی بێت وەک “ مصحفی قورئانی پیرۆز “ یان هەر بابەتێکی تری ئایینی و کۆمەڵایەتی کە قیمەتی معنوی بێت .
ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەوەی دەکرێت ژیانی هاوبەش پێکبێت و مارەییش چەند مسقاڵێک ئاڵتون نەبێت بەڵکو دەکرێت زیو بێت یان بڕێک پارە یان چەند مەتر زەوی یان خانویەک یان سەفەری حەج و عەمرەیەک یان دیاری مصحفێک لە قورئانی پیرۆز یان گوڵێک یان پێنوسێک گرنگ ئەوەیە خانمەکە بەوە ڕازی بێت و وا لەسەری ڕێککەوتبن ، بەتایبەت لە کاتی ئێستادا کە نرخی ئاڵتون زۆر لەسەرەوەیە و ئاستەنگی بۆ هاوسەرگیری بەتایبەت بۆ گەنجان دروستکردوە .
135 جار خوێندراوەتەوە