ئایا چەک هی ئەوەیە مرۆڤەکان پێوەی بنازن ؟ یاسا چۆن لەم بابەتەی وانیوە ؟

نازین بە چەک لە وڵاتی خاوەن دادگا و پۆلیس و هێزی ئەمنی دا مانای وایە لە مەترسیدایت و پێویستت بە یارمەتیە ! ئایا چەک هی ئەوەیە مرۆڤەکان پێوەی بنازن ؟ یاسا چۆن لەم بابەتەی وانیوە ؟ 

لای هەموان ئاشکرایە چەک بەهەموو جۆرەکانیەوە هۆکارێکە هەم بۆ لەناوبردن و کۆتایی هێنان بەبەرامبەر یان بریندارکردن و کەفتەکاربونی یان هۆکارێکە بۆ بەرگری و بەرپەرچدانەوەی مەترسی و ئاڵنگاری و سەختی ! 

بەڵام چ جۆرە بەرگرییەک ؟ ئاشکرایە چەک بە هەموو جۆرەکانیەوە هۆکارێکی بەرگری و خۆپارێزیە لە دوژمن بەڵام چ دەژمنێک ؟ ، دوژمنێک کە دەستدرێژی دەکاتە سەر وڵات و نەتەوەیەک ! کە دەستدرێژی دەکاتە سەر خاک و هاوڵاتیانی وڵاتێک لێرەدا یاساکان ڕەوایەتی بە حکومەت و دەسەڵاتی سەربازی و هەندێک جار هاوڵاتیانیش دەدەن بۆ ڕێگری و بەرگری لە دوژمن ! 

نەک دوژمنێک کە خۆمان بۆخۆمانی دادەتاشین بەهۆی کارو کردەوەکانمانەوە یان بەهۆی دەستدرێژی و سنوربەزاندنەکانمانەوە بۆ سەر ژیان و ماڵ و تایبەتمەندی ئەوانی دیکە دروستیدەکەین ، وەلێرەدا چەک نەک نابێتە هۆکارێکی بەرگری بگرە دەبێتە هۆکاری یاساغی و دەرچوون لە یاسا و ڕێکارو سزای بۆ داندراوە . 

بۆیە نازین بە چەک لە وڵاتی خاوەن دادگا و یاسا و پۆلیس و هێزی ئەمنی دا دەرخەری ئەوەیە کە لە بارێکی نەخوازراو و مەترسیداردایت و پێویستت بە یارمەتیە ، جا لەژێر هەڕەشەو دەستدرێژی دا بیت یان خۆت بوبیتە مەترسی و هەڕەشە بۆ ئەوانی دیکە ، لە هەردوو بارەکەشدا تۆ ژیانت ئەمان و ئاسایش نیە و دەکرێت لە چرکە ساتێک دا کۆتایی پێبێت بەچەکی بەرامبەر یان خۆت . 

بەپێی یاسای ژمارە “ 8 “ ی ساڵی “ 2022 “ ی هەرێمیش دیاردەی چەکداری قەدەغەکراوە و سزای بەپێی ماددەی “ 15 “ لە یاساکە بۆ داندراوە و بەندکردن لە یەک ساڵ تا سێ ساڵ دەیگرێتەوە لەگەل غرامەکردنێک کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت ،

پارێزەر
شاڵاو ابوبکر علی 

114 جار خوێندراوەتەوە