بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی
باشماخ ڕایگەیاند، دەروازەکە بە ڕووی هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانیدا کراوەیە و
سەرجەم ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەکاتەوە کە باس لە بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی دەکەن.
هۆبەی
ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا هاووڵاتییان،
گەشتیاران، شۆفێران و بازرگانان ئاگادار دەکاتەوە، ئەو هەواڵانەی لە چەند پەیجێکی
سێبەر و دوور لە ئەتەکێتی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازییەوە
بڵاو کراونەتەوە، دوورن لە ڕاستییەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە
ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی جەنگی نێوان ئێران و ئەمەریکادا، باشماخ تاکە دەروازە
بووە کە بە کراوەیی ماوەتەوە و هاتوچۆی تێدا ڕانەگیراوە، ئێستاش سەرجەم
بەڕێوەبەرایەتی و بنکەکانی شەو و ڕۆژ لە خزمەتی هاووڵاتییان و گەشتیاراندان.
دەروازەی
نێودەوڵەتیی باشماخ هۆشداری دەدات، هەر کەناڵ و پەیجێک هەواڵی نادروست و ناڕاست
بڵاو بکاتەوە، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە،
هاوکات داوا دەکات بۆ ڕاستی و دروستیی هەواڵەکان تەنها پشت بە پەیجی فەرمیی
بەڕێوەبەرایەتییەکە ببەسترێت.
72 جار خوێندراوەتەوە