نرخی کارەبای مۆلیدە بۆ گەڕەک و ستییەکانی سلێمانی ڕاگەیەندرا

KNN : Kurdish News Network
01:20 - 26/11/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و ستییەکانی بۆ مانگی 11 دیاری کرد و نرخی هەر کاتژمێرێک کارکردن بۆ یەک ئەمپێر 82 دینارە. دیاریکردنی نرخی کۆتایی هەر ئەمپێرێکیش بەگوێرەی کاتژمێرەکانی کارکردن تا 26ی تشرینی دووەمی 2026 دەبێت.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەم نرخە بەگوێرەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا دیاری کراوە و ناو شار و دەرەوەی شاری سلێمانی دەگرێتەوە، بەو قەزا و ناحیانەشەوە کە هێشتا لە چوارچێوەی پڕۆژەی "ڕووناکی"دا کارەبای بەردەوامیان نییە و مۆلیدەکانیان کار دەکەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی جیاوازیی کاتژمێرەکانی کارکردنەوە ڕەنگە نرخی ئەمپێر لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاواز بێت. هاوکات بەشی مۆلیدات پسوولەی کارەبا دەردەکات و قایمقامیەتی ناوەندی سلێمانی سەرپەرشتی و چاودێریی پرۆسەکە دەکات، بەرنامەی کارکردنی مۆلیدەکانیش وەک ئێستا دەمێنێتەوە و گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە.

 

سەبارەت بە مۆلیدەی ستییەکان، کارەبای سلێمانی ڕوونیکردووەتەوە کە نرخی یەک کیلۆوات کاتژمێر بۆ مانگی 11 بریتییە لە 547 دینار. بۆ ئەو ستییانەش کە کارەبای نیشتمانییان نییە و تاکە سەرچاوەی کارەبایان مۆلیدەیە، نرخی هەر کیلۆواتێک 530 دینارە.

335 جار خوێندراوەتەوە