ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق: بڕیارەکانی زەیدی نرخی دۆلار سەقامگیر دەکات و جوڵە دەخاتە بازاڕەوە

KNN : Kurdish News Network
11:03 - 28/11/2026
ئابوری
+
-

ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق پێشوازیی لە بڕیارە نوێیەکانی حکوومەت بۆ یەکخستنی پێناسی گومرگی بە ڕێژەی 5٪ و بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ دوو هێندەکردنی پشکی دۆلاری گەشتیاران کرد و ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوانە پاڵپشتییەکی گەورەن بۆ جووڵەی بازاڕ و پاراستنی هاووڵاتییان و سەقامگیرکردنی نرخی دراو.

 

ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا ستایشی ڕێنماییەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ یەکخستنی پێناسی گومرگی لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان بە ڕێژەی 5٪، کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2026ـەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە ڕێکارە نوێیەکەی بانکی ناوەندیی عێراقیش کراوە، کە تێیدا ژمارەی پشکە نەختینەییەکانی دراوی بیانی بۆ گەشتیاران لە 6 پشکەوە بۆ 12 پشک لە ساڵێکدا زیاد کراوە، بە بڕی 3 هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتیارێک.

 

ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق ئەم هەنگاوانەی بە "وەرچەرخانێکی جۆری و یەکلاکەرەوە" لە ڕێکخستنی سیاسەتی ئابووری و نەختینەیی وەسف کرد و جەختی کردەوە، ڕاستەوخۆ خزمەتی ئابووریی نیشتمانی و پاراستنی بەکاربەر دەکەن، بەتایبەت لە سایەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و دۆخی ناسەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتیدا کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر عێراق و ناوچەکە هەیە.

 

بە گوتەی ئەنجوومەنەکە، یەکخستنی پێناسی گومرگی ڕۆڵێکی کارای دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی جووڵەی هاوردەکردن و سنووردارکردنی یاریکردن و خۆدزینەوە لە گومرگ. هاوکات زیادکردنی پشکی گەشتیارانیش سەقامگیریی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بەهێز دەکات و پێداویستیی هاووڵاتییان بە شەفافییەت و ئاسانی دابین دەکات.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق پشتیوانیی تەواوی بۆ بەرنامە چاکسازییەکەی حکوومەت دووپات کردەوە و داوای لە سەرجەم یەکێتی، ئەنجوومەن و ڕێکخراوە ئابووری و بازرگانییەکان و کەرتی تایبەت کرد، بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیار و ڕێنماییانەدا بکەن.

99 جار خوێندراوەتەوە