لە ئەنجامی
جووڵە پەرلەمانییەکان و وەک ئامادەکارییەک بۆ پەسەندکردنی بودجەی گشتیی ٢٠٢٧ی
عێراق، چەند دۆسیەیەکی گرنگی دارایی و دامەزراندن یەکلایی کرانەوە. دیارترینیان
ڕەزامەندیی وەزیری تەندروستییە بۆ جێگیرکردنی پلەی وەزیفیی دەرچووانی بەشە پزیشکی
و تەندروستییەکان و بڕیاری خەرجکردنی سەرمووچە، پلەبەرزکردنەوە و بەخششی
خانەنشینانە لەم مانگە و مانگەکانی داهاتوودا.
محەمەد حسێن
ئەبولعەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بە ڕۆژنامەی "سەباح"ی
ڕاگەیاندووە، ڕەزامەندیی وەزیری تەندروستییان وەرگرتووە تا تەواوی پلە
وەزیفییەکانی دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان، کە یاسای پلەبەندیی ژمارە 6ی
ساڵی 2000 دەیانگرێتەوە بۆ ساڵانی 2024، 2025 و 2026، بخرێنە ناو بودجەی
خەمڵێنراوی وەزارەتەکە بۆ ساڵی 2027.
سەبارەت بە
دەرچووانی ماوەی ساڵی خوێندنی 2022-2023، پەرلەمانتارەکە ڕوونیکردەوە کە پشت بە
پلەکانی سڕینەوە و هێنانەکایەی وەزارەتی تەندروستی دەبەسترێت؛ ئەگەر بەشی نەکرد،
وەزارەتی دارایی پلە ماوەکان دەهێنێتە کایەوە. هاوکات بەپەلە نووسراو ئاراستەی
فەرمانگەی کارگێڕی دەکرێت بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو پلانە لە ساڵی 2024ەوە تا
کۆتایی 2026.
ئەبولعەیس
ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی تەندروستی لە کانوونی یەکەمی 2025دا داوای لە دارایی
کردووە پلەی وەزیفی بۆ دەرچووانی 2023-2024، 2024-2025 و پاشماوەی 2022-2023
بهێنێتە کایەوە کە کۆی گشتی دەگاتە 200 هەزار پلەی وەزیفی، لە ئابی 2026یشدا
دووبارە جەخت لە داواکارییەکە کراوەتەوە.
هەروەها
ڕوونیکردەوە، بڕیاری ژمارە 15ی ساڵی 2026ی ئەنجومەنی وەزیران تەنها گرێبەستکردنی
لەگەڵ دەرچووانی پزیشکیی گشتیی 2023-2024 لەخۆگرتووە بۆ ئەوەی دوای پەسەندکردنی
بودجە بە فەرمی دابمەزرێن و ماوەی گرێبەستەکەیان بۆ هەژمار بکرێت، بەڵام
پسپۆڕییەکانی دیکەی نەگرتووەتەوە بەهۆی نەبوونی ڕێنمایی کارپێکراو و تەرخانکردنی
دارایی.
لە لایەکی
دیکەوە، حسێن ساحیب مەهدی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ
وەزیری دارایی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند، دۆسیەی دەرماڵەی پیشەیی کادرانی پەروەردە
یەکلایی کراوەتەوە و پارەی پێویستی لە بودجەی 2027دا بۆ تەرخان دەکرێت.
ئەو
پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد، وەزیری دارایی ڕێنمایی دەرکردووە بۆ خەرجکردنی شایستەی
سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران "بەپێی توانای دارایی و پارەی
بەردەست"، هەروەها خەرجکردنی بەخششی خانەنشینان کە بڕیارە بە شێوەی بەردەوام
لەم مانگە و مانگەکانی داهاتوودا دابەش بکرێن.
736 جار خوێندراوەتەوە