وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدڕاڵ و هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر دەکەین

KNN : Kurdish News Network
09:18 - 28/11/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی شەممە پشتیوانیی واشنتۆنی بۆ عێراقێکی یەکگرتوو، فیدراڵ و خاوەن سەروەری و هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر و گەشەسەندوو لە چوارچێوەیدا دووپات کردەوە. واشنتۆن جەختی کردەوە، دەبێت کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.

 

تۆکاس بیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی "شەفەق نیوز" ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتگیری لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەک دەکات کە لەگەڵ دەستووری عێراقدا بگونجێت."

 

ئەم هەڵوێستەی واشنتۆن دوای لێدوانەکانی ڕۆژی هەینیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە تێیدا پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرتاسەری عێراق، ڕاگرتنی بەقاچاخبردنی نەوت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا ڕاگەیاند.

 

ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر سێشەممەی ڕابردوو توندتر بوون، دوای ئەوەی زەیدی زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد. بڕیارەکان ڕادەستکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و قۆرخکردنی ڕەزامەندیی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمەکانیان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لەخۆ دەگرت.

 

هاوکات بڕیارەکان ئەوەشیان تێدا بوو، وەزارەتی نەوتی عێراق بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگە نەوتییانە بگرێتە دەست کە سەر بە وەزارەتەکەن و لە ڕووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمدان لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە.

 

ئەم هەنگاوانە کاردانەوەی توندی سەرکردایەتیی کوردستانیان لێکەوتەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەکردن لەگەڵ هەرێمی بە زمانی سەربازی ڕەت کردەوە و داوای گەڕانەوەی بۆ دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم کرد.

 

پێشتریش تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا لە 9ی تشرینی دووەمدا دووپاتی کردبووەوە، گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان بەغدا و هەولێر باشترین ڕێگەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر هەناردەی نەوت، مووچە و داهاتەکان.

 

بڕیارە ڕۆژی 1ی کانوونی یەکەمی داهاتوو، بەغدا بە سەرپەرشتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و بە بەشداریی هەر چوار سەرۆکایەتییەکە و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان، میوانداریی کۆبوونەوەیەکی فراوان بکات بۆ تاوتوێکردنی چارەسەری دەستووری بۆ کێشەکانی نێوان هەردوو حکوومەت.

69 جار خوێندراوەتەوە