شەپۆلێکی
سەرما، بارانی بەخوڕ و بەفر لە 28ـی تشرینی دووەمەوە تا 5ـی کانوونی یەکەم هەرێمی
کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچەدا لافاو دروست دەکات.
سالار حاجی
عەلی، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، کەشە وشک و کەمبارانەکەی هەرێمی کوردستان
لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆتایی دێت. شێی شەپۆلە نوێیەکە لە دوو ڕێڕەوی جیاوازەوە
(دەریای سپی ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسی بە تێکەڵبوون لەگەڵ شێی دەریای سوور) دێت و
لەگەڵ بارستە هەوای ساردی باکووردا یەکدەگرێت، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوری چڕ
و بارانی بەخوڕ.
کاریگەریی
سەرەکیی شەپۆلەکە ڕۆژی 28ـی تشرینی دووەم لە ناوچە سنوورییەکانی دهۆک و شاری
هەولێرەوە دەست پێ دەکات و لە 29ـی مانگدا شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوکیش
دەگرێتەوە. بەپێی پێشبینییەکان، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورەکان بەفر و لە
شار و ناوچە نزمەکانیش باران دەبارێت.
پاش
لاوازبوونێکی کاتیی چەند ڕۆژە، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا شەپۆلەکە دووبارە
چالاک دەبێتەوە و دەگاتە لووتکە؛ بارانبارین بەهێز دەبێت و لە هەندێک ناوچەدا
لافاو دروست دەکات و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن. زۆرترین کاریگەری و ڕێژەی
بارانبارین لە ناوچە سنوورییەکانی هەولێر و بەشێک لە شاری سلێمانی دەبێت.
بۆ کەشوهەوای
ئەمڕۆ چوارشەممە (25ـی تشرینی دووەم)، خێرایی با لە سەروو ئاستی مامناوەندە و دوای
نیوەڕۆ ئاسمان دەبێتە هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری نمەبارانی سووک لە هەندێک ناوچە،
بەڵام سبەی پێنجشەممە کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.
184 جار خوێندراوەتەوە