موقتەدا سەدر،
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەمڕۆ شەممە داوای ئەنجامدانی نوێژی هەینیی
یەکگرتووی بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدا کرد.
نوێژەکە بڕیارە هەینیی داهاتوو لەژێر دروشمی "خۆشەویستیی نیشتمان لە
باوەڕەوەیە" بەڕێوە بچێت.
سەدر لە
ڕاگەیەنراوێکدا مەرجی بۆ بەڕێوەچوونی نوێژە یەکگرتووەکەی گۆڕەپانی تەحریر دانا و
داوای کرد، لەو ناوچانەی دیکەدا کە بە شێوەیەکی ئاسایی نوێژی هەینییان تێدا
دەکرێت، حەوت کەس بمێننەوە کە یەکێکیان پێشنوێژ بێت.
ڕێبەری ڕەوتی
نیشتمانیی شیعە ڕوو لە لایەنگرانی دەڵێت: "هەستن بۆ زیندووکردنەوەی دروشمە
ئایینییەکەتان و لەبەر خۆشەویستیی نیشتمان و تەواوکردن و پشتیوانیکردنی پرۆژەی
چاکسازی، تا بەرهەمی چاکسازی ببینین."
سەدر لە بەشێکی
دیکەی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، مەبەستیانە چاکسازی باڵادەست بێت و
"گەندەڵی، گەندەڵکاران و قاچاخچییەکان لە هەموو بستێکی خاکی نیشتماندا لە
باکوورەوە بۆ باشوور و لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا بنبڕ ببن، تا عێراق بە ئارامی و
سەلامەتی لە هەموو داگیرکاری، میلیشیا و گەندەڵییەک بمێنێتەوە."
لە
ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم بانگەوازە وەک زیندووکردنەوەی فەرمانی
باوکی، مەرجەعی ئایینیی کۆچکردوو محەممەد محەممەد سادق سەدر دێت بۆ ئەنجامدانی
نوێژی هەینی لە سەرتاسەری عێراقدا.
29 جار خوێندراوەتەوە