دامەزراوەی ئافرەتان سیمیناری (توندوتیژی ئەلیکترۆنی دژی ژنان) رێكدەخات

KNN : Kurdish News Network
02:23 - 28/11/2026
کوردستان
+
-

ئەمڕۆ شەممە (٢٨ی١١ی٢٠٢٦)، دامەزراوەی ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی لە شاری سلێمانی، سیمینارێكی بەناونیشانی (توندوتیژی ئەلیکترۆنی دژی ژنان) بۆ مامۆستا کوردە ئەحمەد مەحمود ماستەر لەکۆمەڵناسی سیاسی و پەروەردە رێكخست.

 

لە سیمینارەكەدا كە ژمارەیەك لە ئافرەتانی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵسوڕاوان تێیدا بەشداربوون، تیشكخرایە سەر دۆخی ئافرەتان و چۆنیەتی هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان و كوڕ و كچ و خێزان پەیوەست بە دۆخی سۆشیال میدیا و رێگری لە تاوانە ئەلیكترۆنییەكان و چۆنیەتی خۆپارێزی و مامەڵەكردنی یاسایی بەرامبەر توندوتیژی و تاوانە ئەلیكترۆنیەكان.

 

چالاكیەكە لە چوارچێوەی یادی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دێت كە تێیدا دامەزراوەی ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: دەبێت مافەکانی ئافرەتان لە دروشمی کاتییەوە بکرێنە کردار و ژیانێکی شکۆمەند، ئازادیی بڕیاردان، بەشداریی یەکسان لە ناوەندەکانی بڕیار و ژینگەیەکی دوور لە توندوتیژییان بۆ دابین بکرێت و مافەکانی ئافرەت چاکە یان دەستکەوتی زیادە نین، بەڵکو مافی سەرەتایین بۆ پاراستنی ئاسایش و دووربوون لە هەر جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی.

123 جار خوێندراوەتەوە