لە سێ پارێزگا هەڵمەتی رێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت بەڕێوەدەچێت

KNN : Kurdish News Network
01:39 - 28/11/2026
عێراق
+
-

هێزە ئەمنییەکانی عێراق زنجیرەیەک هەڵمەتی هاوکاتیان دژی بەقاچاخبردنی نەوت و ماددە پیشەسازییەکان لە پارێزگاکانی دیالە، بەسرە و بابل ئەنجام دا. هاوکات هێزە چەکدارەکان جەخت دەکەنەوە هیچ پارێزبەندییەک بۆ گەندەڵکاران نییە و فەرماندە کەمتەرخەمەکان لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە.

 

هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە ڕایانگەیاند، دوورخستنەوەی فەرماندە کەمتەرخەمەکان کارایی ڕێکارە ئەمنییەکان بەهێز دەکات و توندکردنی چاودێری لەسەر دەروازە سنوورییەکان هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی سامانی وڵات. دووپاتیشیان کردەوە، چارەسەرکردنی دیاردەی بەقاچاخبردنی نەوت لە وشککردنی سەرچاوەکانی و داخستنی ڕێڕەوەکانییەوە دەست پێ دەکات.

 

لە چوارچێوەی ڕێکارە مەیدانییەکاندا، سوپای عێراق لە پارێزگای بەسرە دەستی کردووە بە لابردنی زێدەڕۆییەکانی نزیک کێڵگە نەوتییەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەقاچاخبردن. لە پارێزگای بابلـیش، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تۆڕێکی بەقاچاخبردنی نەوتی لە ناوچەی "حەسوە" هەڵوەشاندەوە.

 

لە پارێزگای دیالەش، مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی لە بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فیرقەی یەکی پیادە، بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری، دوو ئەرکی جیاوازیان جێبەجێ کرد. لەو دوو ئەرکەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی پیشەسازیی سەرپێچیکاردا گیرا کە بۆ بەقاچاخبردنی نایاسایی ئامادە کرابوون.

 

لە ئەرکێکی دیکەدا، هەمان مەفرەزەکان هەوڵی بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر بەرهەمی نەوتییان پووچەڵ کردەوە کە لە یەکێک لە پارێزگاکانەوە بەرەو دیالە دەهێنران. تەواوی تۆمەتباران، ماددە و ئۆتۆمبێلە دەستبەسەرداگیراوەکانیش بە شێوەیەکی یاسایی ڕادەستی لایەنە پێوەندیدارەکان کران بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان.

 

بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی دووپاتی کردەوە، بەردەوام دەبن لە ڕاوەدوونانی تێوەگلاوانی قاچاخچێتی، دەستبەسەرداگرتنی ماددە سەرپێچیکارەکان و وشککردنی سەرچاوەکانی ئەم کارە نایاساییانە لە پێناو پاراستنی ئابووریی نیشتمانی و سامانی وڵاتدا.

194 جار خوێندراوەتەوە