یەکێتى و پارتى: بە هاوبەشی بەرگرى لە مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان دەکەین

KNN : Kurdish News Network
03:48 - 28/11/2026
کوردستان
+
-

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لە سلێمانی ڕێککەوتن بە یەکهەڵوێستی بەشداری لە کۆبوونەوەکەی 1ی کانوونی یەکەمی بەغدا بکەن و بە هاوبەشی بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

 

ئەمڕۆ شەممە 28ی تشرینی دووەمی 2026، شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و لە کۆتاییدا ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە بارودۆخی نوێی عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکخستنی هەڵوێست بەرامبەر پرسە هەنووکەییەکان و پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکاندا.

 

هەردوو لایەن کۆک بوون لەسەر گرتنەبەری گفتوگۆ بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و بە یەکهەڵوێستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 1ی کانوونی یەکەمی 2026 کە بڕیارە لە بەغدا بەڕێوە بچێت.

 

هاوکات پارتی و یەکێتی جەختیان لە داکۆکیکردن لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا و بەرگریکردنی هاوبەش لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

83 جار خوێندراوەتەوە