سێنتکۆم: بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە گەرووی هورمز هیچ پارەیەک وەرناگرین

KNN : Kurdish News Network
09:04 - 28/11/2026
جیهان
+
-

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەختی لە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزی لەلایەن هێزەکانی و هاوبەشە هەرێمییەکانیەوە کردەوە و هاوکات وەرگرتنی هەر جۆرە باجێکی لە کەشتییە تێپەڕبووەکان ڕەت کردەوە.

 

فەرماندەییەکە لە هەژمارە فەرمییەکانیدا ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە بۆ وەڵامدانەوەی زنجیرەیەک لێدوانی فەرماندەیەکی سەربازیی ئێران، کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بڵاوی کردبوونەوە.

 

سێنتکۆم ئەو بانگەشانەی بەدرۆ خستەوە کە باس لە وەرگرتنی 2.5 ملیۆن دۆلار وەک باج لە کەشتییە تێپەڕبووەکانی گەرووەکە دەکەن. جەختیشی کردەوە، ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکە لەژێر پاراستنی ئەمریکادا و بەبێ هیچ بەرامبەرێکی دارایی، بە ڕووی هاتوچۆی ئازاد و سەلامەتی دەریاییدا کراوەیە و هەزاران کەشتی و ملیاران بەرمیل نەوتی خاو پێیدا تێپەڕیون.

 

هاوکات، سێنتکۆم ڕەتی کردەوە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکیی "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"دا بەر هیچ گورزێکی ئێران کەوتبێت، یان داوای هاوکاری بۆ دەربازکردن و گواستنەوەی کارمەندانی کردبێت.

 

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕوونیشی کردەوە، گرووپی هێرشبەری یاوەری کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە ئەرکە جەنگییەکەی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و مانگی ڕابردوو بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

49 جار خوێندراوەتەوە