فەرماندەیی
هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی بۆ داخستنی تەواوی دەروازە نافەرمییەکان
ڕاگەیاند، کە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. هاوکات جەختدەکاتەوە کە
کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی نموونەیی و بێپێشینە لە مێژووی
دەوڵەتدا.
فەریق محەمەد
عەبدولوەهاب سوکەر سەعیدی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، بە ئاژانسی هەواڵی
عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، دەستیان بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی
هێزە چەکدارەکان کردووە بۆ داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان، ئەوەش لە
چوارچێوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی
باکوور.
سەعیدی
ڕوونیکردەوە، هێزەکانی پاسەوانی سنوور تایبەتن بە هێڵی سنووری و بەڕێوەبردنی
دەروازەکان لە تایبەتمەندیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانە، بەڵام ئاشکراشی کرد کە
هەوڵ و ڕێنمایی هەیە بۆ یەکخستنی ناوەندێتیی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ
دەروازەکانی دیکەی عێراق.
ئەم هەنگاوە
دوای ئەوە دێت کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی
هێزە چەکدارەکان، چەند بڕیارێکی لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی
باکوور دەرکرد. بڕیارەکان ڕاسپاردنی پاسەوانی سنوور بۆ داخستنی دەروازە
نافەرمییەکان لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەخۆدەگرن،
لەگەڵ ڕاسپاردنی وەزارەتی بەرگری تا لیواکانی بایەخی هاوبەش (یەکەم و دووەم)
تەواوی ڕێگا خۆڵینە و لاوەکییەکانی نێوان پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین، کەرکوک،
نەینەوا و هەرێمی کوردستان دابخەن.
لەبارەی دۆخی
سنوورەکانەوە، فەرماندەی پاسەوانی سنوور ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بەکارهێنانی
تەکنەلۆژیای نوێ، چاودێریی زیرەک، پەرەپێدانی ئامادەیی شەڕکردنی هێزەکان و
هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، توانیویانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕێگری لە دزەکردن،
قاچاخچێتی و پەڕینەوەی کرێکاران بگرن. وتیشی، کۆنتڕۆڵێکی نایابیان بەسەر
سنوورەکانی سووریا، ئوردن، سعوودیە، کوەیت و ئێراندا هەیە و بەرپرسیارێتیی 600
کیلۆمەتر لە سنووری سووریا بە تەنها لە ئەستۆی هێزە عێراقییەکاندایە بەبێ بوونی
هێزێکی هاوبەش لە دیوەکەی دیکە.
سەعیدی باسی
لەوەش کرد، فەرماندەییەکەیان لە شەش ناوچەدا کار دەکات کە تەواوی خاکی عێراق
دەگرێتەوە و پۆلیسی گومرگیش وەک قووڵایی سنوور بەشێکە لە هێزەکانیان.
جەختیشیکردەوە، لە پشت هێزەکانیانەوە لە حەرەمی سنووری و خاڵی سفری سنوور،
یەکەکانی سوپا، حەشد، پۆلیسی پارێزگاکان و پاسەوانی هەرێم جێگیرن و بە کارێکی
هەواڵگریی یەکگرتوو بۆ پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیریی ناوخۆ کار
دەکەن.
129 جار خوێندراوەتەوە