بانکی ناوەندیی
عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، هۆشداریی توند دەدات لە مامەڵەکردن بە پارەی ساختە کە
لەژێر ناوی "یاریی منداڵان"دا بڵاودەکرێنەوە. بانکەکە جەختدەکاتەوە کە
برەودان و بەکارهێنانی ئەم پارانە تاوانی ساختەکارییە و ڕێکاری یاسایی دژی
مامەڵەکارانی دەگیرێتە بەر.
بانکی ناوەندی
لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە بڕێک لە دراوی ساختەی نیشتمانی و چەند دراوێکی
بیانییان لای مامەڵەکارانی کەرتی دارایی تۆمار کردووە. هاوکات هۆشداری داوە لە هەر
جۆرە مامەڵە، بانگەشە و ئاڵوگۆڕێک بەو پارە ساختانەی هەندێک لایەن بە بیانووی
یاریی منداڵان برەویان پێ دەدەن.
لە
ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە، ئەم پارە ساختانە وشەکانی وەک (باطل)، (Copy) یان
(Fake)یان
بە پیتی بچووک و ڕەنگی کاڵ لە یەکێک لە گۆشەکاندا لەسەر چاپ کراوە. بانکەکە دەڵێت،
نیشاندانیان وەک یاری تەنها فێڵێکە بۆ قۆڵبڕین و بەدەستهێنانی قازانجی نایاسایی،
بە قۆستنەوەی لێکچوونیان لەگەڵ پارەی ڕاستەقینەدا لە ڕووی قەبارە و شێوەی
گشتییەوە.
بانکی ناوەندیی
عێراق دووپاتیکردووەتەوە، مامەڵەکردن و برەودان بەم پارانە بە هەر شێوەیەک بێت
تاوانێکی یاساییە و دەکەوێتە چوارچێوەی ساختەکاری و فێڵکردنەوە؛ تێوەگلاوان بەپێی
ماددەکانی (49/أ)، (55) و (56/ بڕگەی 4) لە یاسای بانکی ناوەندیی عێراق ژمارە (56)ی
ساڵی 2004 سزا دەدرێن.
لە کۆتاییدا
بانکەکە داوای لە هەمووان کردووە وریا بن و بە تەواوی خۆیان لە مامەڵەکردن بەم
پارە ساختانە بەدوور بگرن، تا تووشی لێپرسینەوەی توندی یاسایی نەبنەوە و سەلامەتیی
مامەڵە داراییەکان و سەقامگیریی بازاڕ بپارێزرێت.
211 جار خوێندراوەتەوە