دەستەی
کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە لە سبەی یەکشەممەوە
تا چوارشەممە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی
گەرماش دادەبەزن. بەپێی پێشبینییەکان، بارانەکە شەوی سێشەممە لە ناوچەکانی هەرێمی
کوردستان بەهێزتر دەبێت.
دەستەکە ئەمڕۆ
شەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سبەی یەکشەممە ئاسمان لە سەرتاسەری
وڵات نیمچەهەور بۆ هەور دەبێت و لە شوێنە جیاوازەکانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور
نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت کە هەندێک جار هەورەبروسکەی لەگەڵدا دەبێت.
هاوکات پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و باشوور کەمێک بەرز دەبنەوە و لە هەرێمی
کوردستان کەمێک نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە با
و مەودای بینین بۆ سبەی یەکشەممە، کەشناسیی عێراق ڕوونی کردەوە، لە ناوەڕاست و
باشوور بای باشووری ڕۆژهەڵات کاتەکان چالاک دەبێت و تۆزوخۆڵێکی سووکی ناوخۆیی
دروست دەکات، بەڵام لە باکوور با ئاراستەگۆڕاو و سووک دەبێت. مەودای بینینی ئاسۆیی
لە دۆخی ئاساییدا لە نێوان 6 بۆ 8 کیلۆمەتر و لە کاتی باران و خۆڵباریندا بۆ 3 تا 5
کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.
بەرزترین
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی یەکشەممە لە پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبن: دهۆک
17 پلە، هەولێر 18 پلە، سلێمانی و نەینەوا 19 پلە، ئەنبار 21 پلە، سەڵاحەدین و
کەرکووک 22 پلە، دیالە و بابل 24 پلە، بەغدا و واست و زیقار 25 پلە، نەجەف 26 پلە
و هەریەک لە میسان، دیوانییە، کەربەلا، موسەننا و بەسرە 27 پلەی سیلیزی دەبن.
بۆ ڕۆژی
دووشەممە، کەشناسی پێشبینی دەکات ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەور بێت لەگەڵ بارانی سووک
و هەورەبروسکەی پچڕپچڕ، جگە لە بەشەکانی ڕۆژئاوا کە ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت.
پلەکانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەمێننەوە و چالاکبوونی با لە ناوەڕاست و
باشوور تۆزوخۆڵێکی سووک دروست دەکات، بە مەودای بینینی 6 بۆ 8 کیلۆمەتر و لە کاتی
باران و خۆڵباریندا 3 بۆ 5 کیلۆمەتر.
ڕۆژی سێشەممە
ئاسمان هەور دەبێت و بارانی سووک بۆ مامناوەندی هەورەبروسکاوی دەبارێت و لە شەودا،
بەتایبەت لە ناوچەی باکوور، تاو و هێزی بارانەکە زیاد دەکات و پلەکانی گەرما لە
سەرتاسەری وڵاتدا کەمێک نزم دەبنەوە. ڕۆژی چوارشەممەش ئاسمان نیمچەهەور دەبێت
لەگەڵ بارانی سووک بۆ مامناوەند و هەورەبروسکە لە باکوور و بەشەکانی ڕۆژهەڵات،
پلەکانی گەرما نزیک دەبن لە ڕۆژی پێشوو و مەودای بینین لە هەردوو ڕۆژی سێشەممە و
چوارشەممەدا لە کاتی باراندا 5 بۆ 7 کیلۆمەتر دەبێت.
509 جار خوێندراوەتەوە