وتەبێژی حکومەتی عێراق: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوورە لە هەر ناکۆکی و جیاوازییەک

KNN : Kurdish News Network
08:53 - 26/11/2026
عێراق
+
-

  حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، دەنگۆی جووڵاندنی یەکەکانی سوپا بەرەو هەرێمی کوردستان ڕەتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوورە لە هەر جۆرە ناکۆکی و جیاوازییەک. هاوکات ئاشکرای دەکات کە دەیان ملیار لە داهاتی بەقاچاخبردنی نەوت دەچێتە گیرفان و هەژمارە تایبەتەکانەوە و خەڵکی کوردستان سوودی لێ نابینن.

 

عەبودی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران جەختی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە نەک هەڕەشەکردن لێیان، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش بەرپرسیارە لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانیان.

 

وتەبێژی حکومەت ڕوونیکردەوە، پاراستنی سامانی نەوت بەشێکە لە بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی سەرۆک وەزیران و ڕێنماییەکانی ڕوونن بۆ ڕێگریکردن لە هەر دەستوەردانێک و چوونی سامانەکە بۆ گیرفانی سوودمەندان. هەروەها جەختیکردەوە، حکومەت بەرامبەر بەقاچاخبردنی نەوت بێدەنگ نابێت؛ هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە ڕاوەدوونانی تێوەگلاوان، پەکخستنی تۆڕەکانیان و ئاشکراکردنی هەر کارێکی بەقاچاخبردن لە سەرجەم پارێزگاکاندا.

 

سەبارەت بە مافە داراییەکان، عەبودی دڵنیایی دایە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە حکومەت کار بۆ دابینکردنی شایستەکانی هەموو عێراقییەکان لە بودجەی ساڵی 2027دا دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆک وەزیران هیچ جیاوازییەک لە نێوان پارێزگاکاندا ناکات و بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتییانی لە زاخۆوە تا بەسرە گرتووەتە ئەستۆ.

 

لە کۆتاییدا عەبودی ئەوەی خستە ڕوو، دەستوور زامنی یەکێتیی عێراق و مافەکانی گەلە و هاووڵاتییان متمانەیان بە توانای هێزە چەکدارەکان هەیە بۆ پاراستنی سامانی نەوت. باسی لەوەش کرد، حکومەت سەرکەوتوو بووە لە گێڕانەوەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە عێراق و ئەو پارانەش کە لە گەندەڵکاران وەردەگیرێنەوە دەخرێنە ناو سندووقی نەوەکانەوە.

158 جار خوێندراوەتەوە