ئەنجومەنی سیاسیی گۆڕان جەخت لە چارەسەری قەیرانی
سیاسیی و سووککردنی بارگرانیی ژیانی هاوڵاتیان دەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجومەنی
سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی، کۆبووەوە
و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ھەڵوەستە لەسەر دۆخی
سیاسیی ھەرێم کرا و گرتنەبەری هەنگاوی کرداری و نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسیی
هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان بە پێویستی لەپێشینەیی ئەم قۆناغە
ھێنرایە زمان.
پەیوەندیدار بە عێراق، هەوڵدان بۆ دروستکردنی کۆدەنگیی
نیشتمانیی کوردی لە بەغدا، پاراستنی هەرێم و پێداگیری فراکسیۆنە کوردییەکان بۆ جێکردنەوە
و چەسپاندنی بڕی پێویستی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بودجەی ساڵی
دارایی 2027ی فیدڕاڵی هەڵوەستەی ڕژدی لەسەر کرا.
ئەنجومەنی سیاسی لەسەر دۆخی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان
و ئەو قەیران و بارگرانییانە وەستا، کە بەهۆی دواکەوتنی موچە و قەیرانی دابینکردنی
سووتەمەنی، کارەبا و ئاو ڕوبەڕووی هاونیشتمانیانی هەرێم بووەتەوە.
لەم بارەیەوە، جەخت لە پێویستیی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی
کێشە هەنووکەییەکان، دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان و سووککردنی بارگرانیی سەر
شانی هاوڵاتیان کرایەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ناوخۆیی
بزووتنەوەی گۆڕان، پێداچوونەوە بە کار و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان، هەروەها داڕشتنی
گوتارێکی سیاسی کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە و دۆخی هەرێمی
کوردستان بێت، تاوتوێ کران.
44 جار خوێندراوەتەوە