یەکخستنی کارتی نیشتەجێبوون و کارتی نیشتمانی خێراتر دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
12:52 - 16/11/2026
عێراق
+
-

ياسر مالکی، وەزیری ناوخۆی عێراق، فەرمانیدا بە خێراکردنی ڕێکارەکانی یەکخستنی کارتی نیشتەجێبوون لەگەڵ کارتی نیشتمانی، بە ئامانجی ئاسانکاریکردن لە ڕاپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییاندا.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری ناوخۆ، مالکی لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی، پاسپۆرت و نیشتەجێبوون، چەند بڕیارێکی گرنگی بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان دەرکردووە، لەوانە؛ بەئەلیکترۆنیکردنی تەواوەتیی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن لە ماڵەوە و لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە مامەڵەکانیان جێبەجێ بکەن.

 

لەنێو بڕیارەکانی تری وەزیری ناوخۆدا؛ کاراکردنی وێستگەکانی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ڕەوەندی عێراقی لە سەرجەم باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرییەکان، لەگەڵ پەرەپێدانی میکانیزمی ڕێکخستنی مانەوە و ڤیزا بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئەو بوارە. مالکی جەختی لەسەر مامەڵەکردنی پیشەیی و ورد لەگەڵ مامەڵەی هاووڵاتییاندا کردەوە بەو پێیەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ئاسایشی دەوڵەتەوە هەیە.

66 جار خوێندراوەتەوە