بزوتنەوەی گۆڕان: وەفاداری بۆ مێژووی سلێمانی بە خزمەتکردنی خەڵکەکەی پێوانە دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
10:12 - 14/11/2026
کوردستان
+
-

لە یادی ٢٤٢ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا، بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت؛ وەفاداری بۆ مێژووی شارەکە بە خزمەتکردنی خەڵکەکەی پێوانە دەکرێت و داوای گەشەپێدانی هەمەلایەنە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی باشتر دەکات.


لە بەیاننامەیەکدا بزووتنەوەکە جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو، کارەبا، گواستنەوە، ڕێگەوبان و ژینگە. هاوکات داوای بووژاندنەوەی بازاڕ، کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنان و پشتگیریی بەرهەمی ناوخۆ دەکات بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.


بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات کە سلێمانی پێویستی بە ئیدارەیەکی کارا، شەفاف و بەرپرسیار هەیە، کە دادپەروەری لە دابەشکردنی داهات و خزمەتگوزارییەکاندا بپارێزێت و متمانەی خەڵک بکاتە پێوەری سەرکەوتنی خۆی.


لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، باس لە پێگەی مێژوویی سلێمانی کراوە لە سەردەمی میرنشینی بابانەوە، کە هەمیشە مەڵبەندی زمان و ئەدەبی کوردی، ژیانی سیاسیی زیندوو و پەناگەی تێکۆشەرانی ئازادی و ڕاپەڕینەکان بووە.



دەقی پەیامەکە
یادی سلێمانی بەرز و شکۆدار بێت.

بە بۆنەی یادی (٢٤٢) ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی دانیشتوانی ئەم شارە، و خەڵکی کوردستان دەکەین.


سلێمانی، لە ڕەگ و ڕیشەیی حوکمڕانیی بابانەوە بونیاد نراوە؛ شارێک کە زمان و ئەدەبی کوردی تێیدا گەشەیان سەندووە، و ڕۆشنبیری، زانست، و هونەر، بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی. ئەم شارە، بە ژیانی سیاسیی زیندوو، کەلتووری ڕەخنەگرتن، فرەڕەنگیی کۆمەڵایەتی، و ڕۆحی پێکەوەژیان، نەوەی دوای نەوە مرۆڤی بەهرەمەند و خاوەن هەڵوێستی پێگەیاندووە. لە شۆڕش، و جوڵانەوە، و ڕاپەڕینەکانی گەلی کوردستانیشدا، پەناگەی تێکۆشەران، و مەیدانی داواکاریی ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانی بووە.
وەفاداری بۆ ئەم مێژووە، لە ئەمڕۆدا بە خزمەتکردنی خەڵکەکەی پێوانە دەکرێت. سلێمانی، شایستەی گەشەپێدانێکی هەمەلایەنە، خزمەتگوزاریی باشتر، و پڕۆژەی ستراتیژییە؛ پڕۆژەگەلێک کە کێشەکانی ئاو، کارەبا، گواستنەوە، و ڕێگەوبان، و ژینگە چارەسەر بکەن، و بۆ داهاتووی شار، بناغەیەکی پتەوتر دابنێن.


بووژاندنەوەی بازاڕ، کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنان، و پشتگیریی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و کارە بچووکەکان، پێویستییەکی هەنووکەییە؛ تاکو گەنجان و بێکاران، دەرفەتی کاری شایستەیان بۆ بڕەخسێت، و بتوانن داهاتووی خۆیان لەم شارەدا بونیاد بنێن.
ھەموو ئەم ئامانجانە بەسەریەکەوە، پێویستی بە ئیدارەیەکی کارا، شەفاف، و بەرپرسیار ھەیە؛ ئیدارەیەک گوێ لە دانیشتووان بگرێت، دادپەروەری لە دابەشکردنی داھات و خزمەتگوزارییەکاندا بپارێزێت، و متمانە و ڕەزامەندیی خەڵک، بکاتە پێوەری سەرکەوتنی خۆی.
دوبارە یادی دامەزراندنی سلێمانی پیرۆز بێت.
بزووتنەوەی گۆڕان ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦

50 جار خوێندراوەتەوە