عێراق
دەستپێشخەرییەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان و ڕێگریکردن لە تەقینەوەی
قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکردایەتی دەکات. ئەم هەنگاوانە دوای
پەیوەندییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئیدارەی ئەمریکا و
سەردانەکەی بۆ تاران دێن.
بەغدا
هەوڵدەدات بانگەوازەکانی هێورکردنەوە بکاتە میکانیزمی کرداری بۆ ڕێگریکردن لە
پێکدادانی نوێ، لەکاتێکدا جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی هەستیاریی دۆخەکەوە، نابێت عێراق
جارێکی دیکە ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان یان بەشێک لە
جەمسەرگیرییەکان.
زوحا سەدخان،
ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، جوڵەکانی عێراق
قەڵغانێکە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و دوورخستنەوەی کارەساتی سەربازی. ئاماژەی
بەوەشکرد، دەستپێشخەرییەکە پێکهێنانی لیژنەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی
ناوچەکە و سەردانیکردنی واشنتن و تاران لەخۆدەگرێت بۆ هەنگاوی کرداری نەک تەنها
بەیاننامە.
لای خۆیەوە
حامید فەتلاوی، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، جوڵەکانی سەرۆکوەزیران پێگەی عێراق
وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان جێگیر دەکات. وتیشی، بەغدا
پەیامێکی ڕوون دەدات کە ناوچەکە بەرگەی جەنگێکی نوێ ناگرێت و مێزی گفتوگۆ تاکە
ڕێگەی چارەسەرە.
72 جار خوێندراوەتەوە