فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد؛
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا داوای لە بەغدا کردووە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی
لەگەڵ ئێران دابخات، جگە لە دوو دەروازە نەبێت، ئەوەش وەک بەشێک لە سیاسەتی
واشنتۆن بۆ زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر تاران.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، فوئاد
حسێن ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لەو دوو دەروازەیەی بڕیارە بە کراوەیی بمێننەوە،
دەکەوێتە سنووری هەرێمی کوردستانەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر
دەروازەی فەرمی و نافەرمی لە نێوان عێراق و ئێراندا هەن و داخستنی هەموویان کارێکی
قورسە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی عێراق دەبێت. دەشڵێت: "ئەمریکییەکان
پێداگرن لەسەر داخستنی دەروازەکان و لەئێستاشدا سەرقاڵی دانوستانین
لەگەڵیاندا".
ئەمەش لەکاتێکدایە، مانگی ڕابردوو عێراق
بەمەبەستی پێداچوونەوە بە ڕێکارە ئەمنییەکان و دانانی ئامێری پشکنین بۆ ڕێگریکردن
لە قاچاخچێتی، دەروازەی سنووریی (شیب)ی بەشێوەیەکی کاتی داخست، کە یەکێکە لە
ڕێڕەوە بازرگانییە قەرەباڵغەکانی نێوان هەردوو وڵات.
198 جار خوێندراوەتەوە