فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە
پەرلەمانی عێراق، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات قەرەبووی زیانلێکەوتووانی
لافاوەکەی هەولێر بکاتەوە و شاندێکی وەزاری بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان ڕەوانەی
هەرێمی کوردستان بکات.
فراکسیۆنەکە لە نووسراوێکدا بۆ عەلی زەیدی،
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە؛ لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هەولێر
جگە لە قوربانیی گیانی، زیانێکی زۆری ماددی بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت
گەیاندووە و بووەتە هۆی لەناوچوونی ڕووبەرێکی فراوانی کشتوکاڵی و ئاژەڵێکی زۆر.
لە نووسراوەکەدا داوا کراوە لە بودجەی
فریاگوزاری قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە و شاندێکی وەزاریی تایبەتمەند لەگەڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی قەیرانەکان، قەبارەی زیانەکان بخەمڵێنن بۆ
دڵنیابوون لە قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانەی لێقەوماوان.
بەهۆی لافاوەکەی هەولێرەوە دوو کەس گیانیان
لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵێکی پێنج ساڵان بوو، هاوکات زیاتر لە (300) کەس لە
مەترسی ڕزگارکران و هەزاران ئۆتۆمبێل و چەندین مۆڵ و شوێنی گشتی ژێرئاو کەوتن.
67 جار خوێندراوەتەوە