حکومەتی هەرێم: لەماوەی 12 ساڵدا تەنیا 2٪ی بودجەی عێراق رەوانەی هەرێم کراوە

KNN : Kurdish News Network
01:26 - 09/11/2026
ئابوری
+
-

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری 12 ساڵی ڕابردووی مامەڵەی دارایی بەغدای بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای دەکات؛ لە ماوەی نێوان ساڵانی (2014 بۆ 2025)، هەرێم زیاتر لە 65 تریلیۆن دیناری وەک خەرجیی سەروەری لێ بڕدراوە، لەکاتێکدا بەغدا تەنها 41 تریلیۆن دیناری بۆ ناردووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئامادە کراوە؛ کۆی بودجەی عێراق لەو 12 ساڵەدا یەک کوادریلیۆن و 767 تریلیۆن دینار بووە، کە پشکی هەرێم لەسەر کاغەز و دوای لێبڕینە سەروەرییەکان 146 تریلیۆن دینار بووە. بەڵام لە واقیعدا حکومەتی فیدراڵی تەنها 41 تریلیۆن دیناری ناردووە، کە دەکاتە ڕێژەی (2.04٪)ی کۆی گشتیی بودجەی عێراق.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە قەیرانی دارایی هەرێم ئەنجامی "میکانیزمێکی سیستماتیک" بووە. بۆ نموونە لە کۆی 144 مانگی ئەو 12 ساڵە، بەغدا تەنها بەشی 46 مووچەی ڕەوانە کردووە و مووچەی 8 ساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرتووە. ئەمە جگە لەوەی، سەرباری ئەوەی بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2024 دانیشتووانی هەرێم ڕێژەی (14.14٪) پێکدەهێنن، بەڵام بۆ ساڵی 2027 پشکی هەرێم بۆ (12.70٪) کەمکراوەتەوە.

139 جار خوێندراوەتەوە