ئاستی
هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا بەڕێژەی ٪9.5 بەرزبوونەوەی
بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 3.35 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەمەش ئاستی هەناردە لە قەبارەکانی پێش
دەستپێکردنی جەنگ نزیک بووەتەوە. هاوکات، وڵاتانی عەرەبیی بەرهەمهێنەری نەوت لە
کەنداو هەناردەیان زیادکردووە و ئەمەش وایکردووە فشارەکانی سەر نرخی نەوت لە
بازاڕەکانی جیهاندا کەم ببنەوە.
بەپێی داتاکانی
ئاژانسی بلومبێرگ، عێراق لەسەر ئاستی وڵاتانی کەنداو دووەم گەورەترین زیادبوونی
تۆمارکردووە. هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری بەسرەوە بەرزبووەتەوە و لە ڕێڕەوی
باکووریشەوە کە بە تورکیادا تێدەپەڕێت، قەبارەی هەناردە نزیکەی دوو هێندە زیادی
کردووە. لەسەر ئاستی گشتیش، هەناردەی عێراق، سعودیە، ئیمارات و کوەیت بەڕێژەی
٪10 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 15.53 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە بەرامبەر
ئەم بەرزبوونەوەیەدا، بۆ دووەم مانگ لەسەریەک بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی
ئەمریکاوە، هیچ بڕە نەوتێکی ئێران هەناردەی بازاڕەکان نەکراوە و پشکی ئەو وڵاتە
سفر بووە. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە نزیک 106
دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و وڵاتانی ئۆپێک پڵاسیش خۆیان بۆ کۆبوونەوەی 29ی ئەم
مانگە ئامادە دەکەن، بۆ پێداچوونەوە و دیاریکردنی پشکی بەرهەمهێنانی ساڵی 2027.
57 جار خوێندراوەتەوە