شارەزایەکی کەشناسی: هاوینە بچووک دێت، جووتیاران دەست بکەن بە چاندنی گەنم و جۆ

KNN : Kurdish News Network
09:55 - 08/11/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت؛ لە سبەینێوە قۆناغێکی سەقامگیریی کەشوهەوا بەناوی "هاوینە بچووک" دەستپێدەکات و دەرفەتێکی کورتخایەنە بۆ جووتیاران تا دەست بە چاندنی گەنم و جۆ بکەن، پێش ئەوەی شەپۆلێکی نوێی سەرما ڕوو لە ناوچەکە بکات.

 

سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەمڕۆ کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کەم دەبێتەوە. بەڵام بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردەوە، ئەمشەو لە ناوچە سنوورییەکان و کوێستانە بەرزەکان، لەنێویاندا لوتکەی چیای پیرەمەگرون، ئەگەری بەفربارین هەیە.

 

بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی، لە (9ی تشرینی دووەم)ەوە بەهۆی جێگیربوونی بەرزەپاڵەپەستۆیەکەوە، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە. ئەم قۆناغە کە لە کەلتووری کوردیدا بە "هاوینە بچووک" ناسراوە، ڕاستەوخۆ دوای بارانی پەڵە دێت و تیایدا کەشوهەوا بەتەواوی سەقامگیر دەبێت.

 

لەبارەی بڕی بارانی پێویست بۆ دروستبوونی پەڵە، ئەو شارەزایە ڕوونیکردووەتەوە؛ لە ناوچەی گەرمیان زەوی پێویستی بە 30 بۆ 40 میلیمەتر بارانە، لە کوێستانەکانیش 40 بۆ 70 میلیمەتر. هاوکات هۆشداریش دەداتە جووتیاران کە بەخێرایی سوود لە شێی زەوییەکە وەربگرن بۆ کێڵان و چاندن، چونکە دوای ماوەیەکی کەم شەپۆلێکی دیکەی سەرما و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە.

113 جار خوێندراوەتەوە