بەڕێوەبەرایەتیی
کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت؛ کاریگەریی ئەو شەپۆلی
بارانبارینەی لەسەر ناوچەکانمانە لاواز بووە و ئەمشەو کۆتایی دێت، بەڵام بەهۆی
هاتنی بارستە هەوایەکی ساردەوە پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە و بەفر لە ناوچە
شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت.
بۆ ئەمڕۆ
یەکشەممە (8ی تشرینی دووەمی 2026)، ئاسمان بەردەوام هەور دەبێت و تا کاتەکانی
نیوەڕۆ تەم دروست دەبێت. پێشبینی دەکرێت لە کاتی جیاجیادا نمەباران و بارانی
مامناوەند لەگەڵ هەورەتروسکە ببارێت، لە کاتەکانی شەویشدا بەفر لەو لووتکە شاخانە
دەبارێت کە بەرزییان لە سەرووی 2600 مەترەوەیە.
سەبارەت بە
کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە (9ی مانگ)، کەشناسی پێشبینی دەکات لە کاتەکانی بەیانیدا
تەم دروست ببێت و پلەکانی گەرما 3 بۆ 5 پلەی دیکە دابەزن. هاوکات ئەگەری بەفربارین
لەسەر لووتکە و قەدپاڵی شاخە بەرزە سنوورییەکان بەردەوام دەبێت و نزمترین پلەی
گەرماش لە حاجی ئۆمەران تۆمار دەکرێت کە 6 پلەی سیلیزییە.
130 جار خوێندراوەتەوە