ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی ڕایدەگەیەنێت؛ کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ڕووی لە
ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، تا درەنگانی ئەمشەو بەشێوەی پچڕپچڕ بەردەوام
دەبێت و پێشبینیش دەکرێت لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێت.
بەپێی
پێشبینییەکانی ئەو شارەزایەی کەشناسی، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بارستە هەوایەکی سارد و
وشک لە باکوورەوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەپۆلی
بارانبارینەکەش، ئەگەر هەیە ئەمشەو بەفرێکی کەم لە سەنتەری حاجی ئۆمەران و ئەو
ناوچە شاخاوییانە ببارێت کە بەرزییان لە سەرووی 1600 مەترەوەیە لە ئاستی ڕووی
دەریا.
سەبارەت بە
کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە (9ی تشرینی دووەمی 2026)، پێشبینی دەکرێت ئاسمان ساماڵ
بێت و کەشوهەوا جێگیر ببێتەوە، بەڵام بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوا ساردەکەوە
پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 3 بۆ4 پلە نزم دەبنەوە و لە کاتەکانی شەودا لە
ناوچە شاخاوییەکان بۆ سفری سیلیزی دادەبەزن.
ئەو کەشە سارد
و جێگیرە تا ڕۆژی هەینی (13ی مانگ) بەردەوام دەبێت. لە سەرەتای هەفتەی داهاتووشەوە
(14ی مانگ) هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆیەکەوە کە
پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەکاتەوە و تا 20ی مانگ کەشوهەوا جێگیر دەبێت، دوای ئەو
ڕێکەوتەش ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی بارانبارین هەیە.
193 جار خوێندراوەتەوە