ترەمپ: هێرشی سنووردار دەکەینە سەر ئێران و ئامانجەکانمان دەپێکین

KNN : Kurdish News Network
09:13 - 07/11/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشی سنووردار دەکەنە سەر ئێران و ئامانجەکانیان دەپێکن، هاوکات گەورەترین گەمارۆی سەربازیی مێژوویان بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندووە و هیچ شتێک بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان تێپەڕ نابێت. سەرەڕای ئەم گرژییانەش، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان دەستیان پێکردووە.

 

لە بەرامبەردا، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، دوو مووشەک ئاراستەی دوورگەی قشم کراون و دەنگی فڕینی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی دوورگەکە بیستراوە. لای خۆیەوە سوپای ئێران ڕایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانییان کارا کردووە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکییان لە جۆری (MQ-9) لە ئاسمانی دوورگەی قشم خستووەتە خوارەوە.

 

سەرەڕای ئاڵۆزییە سەربازییەکان، دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا مامەڵە لەگەڵ ئێرانییەکان دەکەن و تاران بە سەختی دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن. پێگەی ئەکسیۆس-یش لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە ئاشکرایکرد، ترەمپ ئامادەیە هەلێک بە دیپلۆماسییەت بدات لەگەڵ ئێران.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بەشدارە لە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران. ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤانس و نێوەندگیرەکان پێشنیازی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تەکنیکییان لەنێوان ئەمەریکا و ئێران کردووە.

150 جار خوێندراوەتەوە