دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی وتارێکدا لە ویلایەتی میسیسیپی، ئاماژەی بە قۆناغێکی
ململانێکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی
کورتخایەن لەگەڵ ئەو وڵاتە تەنها "کات بەفیڕۆدان" بووە.
ترەمپ
ڕوونیکردەوە، لەو قۆناغەدا ڕازی بوون بە ئاگربەستەکە و ڕێگەیان داوە چەند کەشتییەک
تێپەڕ بن، ئەوەش تەنها بە مەبەستی نیشاندانی نیازپاکی بووە، بەڵام وەک شارەزایان
ئاماژەی پێدەکەن، کارەکە بێسوود بووە و کاتی کوشتووە.
لە بەشێکی
دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەو دۆخە، ئەوان
بەردەوامن لە کارکردن لە خزمەتی هاووڵاتییاندا. هاوکات دابەزینی نرخی نەوتی لە
ئێستادا بە یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەو کارانە ناوبرد کە نوێنەری کۆنگرێسیش
ئاماژەی پێکردووە.
لێدوانەکانی
ترەمپ لە کاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی
بەرفراوان بەردەوامن. لەو چوارچێوەیەدا تاران میوانداریی بەرپرسانی
باڵای سعودیە، پاکستان و تورکیای کردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی
دەرگای گفتوگۆ.
لای خۆیەوە،
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندییە
ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ واشنتۆن لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە. ئاشکراشیکرد،
ئەمەریکا دەیەوێت مەرجی نوێ بۆ پێشنیازەکەی ئێران سەبارەت بە ئاگربەست و کردنەوەی
گەرووی هورمز زیاد بکات.
111 جار خوێندراوەتەوە