قالیباف بۆ ئەمریکا: وەڵامەکەمان چاوەڕێنەکراوە، تا زووە خۆتان لەم زەلکاوە رزگار بکەن

KNN : Kurdish News Network
01:35 - 25/10/2026
جیهان
+
-

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ناترسێت و ئامادەیە وەڵامێکی چاوەڕواننەکراو و دەرەوەی خەیاڵ بداتەوە بۆ هەر دەستدرێژییەک کە بکرێتە سەر سەروەریی خاکی ئێران.

 

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا ڕایگەیاند، هەڕەشەکردن بە جەنگی فراوان یان تیرۆر، نابێتە هۆی پاشەکشەی تاران لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خۆی. جەختیشی کردەوە کە بانگەشەکانی واشنتن بۆ تاران جێگەی متمانە نین، تاوەکوو بە کرداری قەرەبووی پێشێلکارییەکانی نەکاتەوە و دەستبەرداری سیاسەتی "خۆسەپاندن و چاوچنۆکی" نەبێت.

 

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، قالیباف ئاماژەی بە ململانێکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و وتی، واشنتن بەهۆی هەڵە لە لێکدانەوەکانی و دەستپێکردنی جەنگ دژی ئێران، کەوتووەتە ناو "زەلکاوێک"ەوە و ئێستاش دەبێت هەوڵی ڕزگارکردنی خۆی لەو دۆخە بدات.

 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ هەڵوێستێکی نوێی نییە بۆ ڕاگەیاندن، مەرجی سەرەکیشی بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا، گۆڕینی ڕەفتاری ئەمریکا و قەرەبووکردنەوەی کرداریی ئەو بەڵێنانەیە کە پێشێلی کردوون.

160 جار خوێندراوەتەوە