کەشناسیی عێراق: هەورەتریشقە و گەردەلوول کاریگەری لەسەر سەلامەتیی فڕۆکەوانی دروست دەکات

KNN : Kurdish News Network
11:28 - 26/10/2026
کوردستان
+
-

کەشناسیی عێراق هۆشدارییەکی بەپەلە لەبارەی مەترسییەکانی کەشوهەوا بۆ سەر گەشتە ئاسمانییەکان بڵاودەکاتەوە، هاوکات پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمیش ئاماژە بە بەردەوامیی جێگیریی کەشوهەوا و ئەگەری دروستبوونی تۆزێکی سووک دەکەن.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی کەشناسیی عێراق، هۆشداریی ژمارە (A1) بۆ فڕۆکەوانیی شارستانی دەرچووە بەهۆی دروستبوونی هەورەتریشقە و گەردەلوول لە بەشێک لە ئاسمانی رۆژئاوای عێراقدا. ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەلامەتی و جووڵەی فڕۆکەکان هەیە و تاوەکو کاتژمێر یەک و نیوی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.

 

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمڕۆ ئاسمان پەڵەهەور بێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک و پلەکانی گەرما نزیک بن لە تۆمارەکانی دوێنێ.  بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان بە 34 پلە و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران بە 18 پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێت.

 

وەک ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی پێشبینی کردووە بۆ سبەینێ سێشەممە بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور لەسەر ڕۆژئاوای عێراق، ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکە و تاوەباران لەو ناوچانە هەیە، بەڵام لە هەرێم کەشوهەوا جێگیر دەبێت.

425 جار خوێندراوەتەوە