سۆمۆ قەرەبووی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم دەکاتەوە؛ گەڵف کیستۆن یەکەمین بەشە نەوتی وەرگرت

KNN : Kurdish News Network
10:14 - 15/10/2026
ئابوری
+
-

کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند؛ یەکەمین بڕە نەوتی قەرەبووی لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە پێگەیشتووە. ئەمەش بۆ قەرەبووکردنەوەی جیاوازیی نرخی نەوتی هەناردەکراوی کۆمپانیاکەیە لە چوارەکی کۆتایی ساڵی 2025، بەراورد بە نرخە نێودەوڵەتییەکان.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیاکە، ئەم بڕیارەی سۆمۆ دەبێتە دەستپێکێک بۆ دانەوەی شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانی گەڵف کیستۆن و ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی دیکە کە بەشێکن لە ڕێککەوتنی کاتیی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوت.

 

جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن ڕایگەیاند؛ دەستپێکردنی پێدانی ئەم قەرەبووانە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگە بۆ کۆمپانیاکە و پیشەسازیی نەوتی کوردستان. جەختیشیکردەوە، وەرگرتنی تەواوی شایستەکانیان بە نرخی نێودەوڵەتی، بەتەواوی لەگەڵ یاسای هەموارکراوی بودجە و گرێبەستەکانیاندا یەکدەگرێتەوە.

 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەشڵێت: "دوای جێگیربوونی پرەنسیپی پارەدانەکە، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ وەرگرتنەوەی تەواوی شایستە داراییە ماوەکانمان، ئەم یەکەم قەرەبووەش پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ گەشەپێدانی یەدەگە گەورەکەی کێڵگەی نەوتی شێخان".

118 جار خوێندراوەتەوە