داواکاری گشتیی ئیمارات : ئەنجامی لێکۆڵینەوەو وردەکاری پیلانی ڕووداوەکەی فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فلای دوبەی بڵاوکردەوە ، کە تێیدا یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە هەوڵیداوە فڕۆکەکە بە تێرمیناڵی سەرنشینانی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ بکێشێت.
حەمەد سەیف شامسی، جێگری داواکاری گشتیی ئیمارات رایگەیاند؛ رووداوەکە لە 30ی ئەیلوولی رابردوو لە گەشتی ژمارە (FZ1073)ی دوبەی بەرەو تەلئەڤیڤ روویداوە. تۆمەتبارەکە گەنجێکی 29 ساڵانی عومانییە، لە نێو ژووری فڕۆکەوانیدا لەناکاو بە تەوری فریاگوزاری هێرشی کردووەتە سەر کاپتنەکە بە مەبەستی کوشتنی و کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکە
پاش برینداربوونی سەختی کاپتنەکە و بەرەنگاربوونەوەی، فڕۆکەوانێکی دیکە کە سەرنشین بووە، بە کۆدی نهێنی دەرگای ژوورەکەی کردووەتەوە. دەستبەجێ بە هاوکاریی کارمەندان و سەرنشینان هێرشبەرەکەیان دەستبەسەر کردووە و فڕۆکەکە بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی تەبووک لە سعوودیە نیشتووەتەوە
لێکۆڵینەوەکان دەریانوخستووە، تۆمەتبارەکە لە ساڵی 2017لە ئوسترالیا کەوتووەتە ژێر بیری توندڕەوی و بە کاریگەریی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر چووەتە بواری فڕۆکەوانی. پێشتر لە هێڵی ئاسمانیی عومان و مەغریب کاری کردووە، و لە دوو گەشتی پێشووشیدا بۆ تەلئەڤیڤ چاودێریی وردی فڕۆکەخانەکەی کردووە بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکە و دروستکردنی زۆرترین قوربانی.
260 جار خوێندراوەتەوە