کۆما جڤاکێن
کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، تەواوی هێزە چەکدارەکانیان لە خاکی تورکیا و ناوچە
سنوورییەکان کشاندووەتەوە و کۆتاییان بە خەباتی چەکداری هێناوە، هۆشداریش دەداتە
حکومەتی تورکیا کە هەر جۆرە دواخستنێک لە پرۆسەی ئاشتیدا بە واتای بەردەوامیی
سیاسەتی نکۆڵیکردن دێت.
لە
بەیاننامەیەکدا تایبەت بە هەڵسەنگاندنی دوو ساڵەی دەستپێکردنی "پرۆسەی ئاشتی
و کۆمەڵگەی دیموکراسی"، کەجەکە ئاشکرای کردووە کە لە کۆنگرەی 12ـیەمیندا لە
ئایاری 2025، پارت کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەڵوەشاوەتەوە و لە تەمموزی هەمان
ساڵیشدا وەک هێمایەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، چەکەکانیان سووتاندووە و ماوەی دوو
ساڵیشە هیچ شەڕ و پێکدادانێک لە تورکیا ڕووینەداوە.
کەجەکە ڕەخنەی
توند لە دەسەڵاتی ئاکەپە دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی ئەوان سەرجەم
بیانووەکانیان نەهێشتووە و هیچ "هەڕەشەیەکی چەکداری" لەسەر تورکیا
نەماوە، بەڵام ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەکە دەرچووە، عەبدوڵا
ئۆجەلان و سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەی پەراوێز خستووە، ئەمەش وایکردووە یاساکە
بێمانا بێت.
لە کۆتایی
بەیاننامەکەدا، بزووتنەوەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات بەپەلە گۆشەگیریی
سەر عەبدوڵا ئۆجەلان هەڵبگرن و "یاساکانی ئازادی" دەربکەن. هاوکات
هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئاکەپە بیەوێت پرۆسەکە بۆ بەرژەوەندیی هەڵبژاردن و
کاتکوشتن بەکاربهێنێت، گەورەترین هەڵەی مێژوویی دەکات کە زیان بە تەواوی گەلانی
ناوچەکە دەگەیەنێت.
260 جار خوێندراوەتەوە