نێرگز محەممەدی، چالاکوانی زیندانیکراوی ئێرانی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، دوای پێنج ڕۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە، لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە و ژیانی لە مەترسیدایە
بەپێی وتەی پارێزەرەکەی و لیژنەی پاڵپشتیکارانی، تەندروستیی ئەو چالاکوانە بە خێرایی تێکچووە، بەشێوەیەک 20 کیلۆگرام لە کێشی دابەزیوە، توانای قسەکردنی زەحمەت بووە و شێوەی ڕووخساری گۆڕاوە. لە ئێستاشدا لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا لە نەخۆشخانەیەکی باکووری ڕۆژئاوای ئێران هێڵراوەتەوە.
لایەنگرانی داوا دەکەن بەپەلە بگوازرێتەوە بۆ تاران تاوەکو لەلایەن تیمی پزیشکیی تایبەتی خۆیەوە چارەسەر بکرێت. نێرگز محەممەدی کە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا، لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە بەهۆی داکۆکیکردنی لە مافەکانی ژنان و ڕەتکردنەوەی سزای لەسێدارەدان، جارێکی دیکە زیندانی کرایەوە.
223 جار خوێندراوەتەوە