لە چەند ناوچەیەک ئەگەری نمەباران هەیە

KNN : Kurdish News Network
10:03 - 23/11/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێم پێشبینیی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، کەشی ناوچەکان سەقامگیر دەبێت و لە درەنگانی شەوی سێشەممەدا ئەگەری کەمێک نمەباران لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور هەیە.

 

بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی کەشناسیی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە (23ی تشرینی دووەمی 2026) ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچەهەوردا دەبێت. پلەکانی گەرما بە گشتی لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزیک دەبنەوە، بەڵام لە سنووری پارێزگای دهۆک یەک بۆ دوو پلە نزم دەبنەوە.

 

خێرایی با ئەمڕۆ لەسەرخۆ دەبێت (5 تا 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا) بە ئاراستەیەکی گۆڕاو، مەودای بینینیش لەنێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت.

 

بۆ سبەی سێشەممە (24ی تشرینی دووەمی 2026)، کەشناسی پێشبینی دەکات ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور بێت، پاشان لە کاتەکانی ئێوارەدا ئاسمانی ناوچە شاخاوییەکان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. هاوکات لە درەنگانی شەودا ئەگەری کەمێک نمەباران لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور هەیە.

 

سبەی پلەکانی گەرما لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ نزیک دەبنەوە، خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت بە ئاراستەی باشووری خۆرهەڵات و مەودای بینینیش بۆ 7 تا 9 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.

32 جار خوێندراوەتەوە