ئۆجەلان: لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییداین

KNN : Kurdish News Network
11:14 - 23/11/2026
کوردستان
+
-

شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2026 لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە و ئۆجەلان جەختی کردووەتەوە کە کاریگەرترین ڕێکار دژی هەوڵەکانی تێکدانی پرۆسەکە، بەهێزکردنیەتی لە ڕێگەی یاسای دیموکراتی و سیاسەتی ئازادەوە.

 

شاندەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، تێبینییان کردووە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ناو گرتووخانەکەدا گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێی دروستکراو و ئەمەشی وەک پەرەسەندنێکی ئەرێنی بۆ هەلومەرجی کار و ژیانی ناو بردووە. شاندەکە داوای کرد ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بڕەخسێندرێن تا ئۆجەلان بتوانێت کارە دوو ساڵییەکەی لەبارەی پێکەوەژیانی مێژوویی و ئاشتیی تورک و کورد، ڕاستەوخۆ و بە گشتگیری بۆ میدیا و ڕای گشتی بخاتە ڕوو.

 

بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی دەم پارتی، لە قۆناغی ئێستای پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"دا پێویستە لیژنەکانی ناو یاسای چوارچێوە کارا بکرێن و زەمینەی یاسایی بڕەخسێندرێت. شاندەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئۆجەلان لەم قۆناغەدا وەک "هەماهەنگکاری ئاشتی و بەسیاسیکردن" سوورە لەسەر قووڵکردنەوە و بەردەوامیدان بە کارەکانی.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا پوختەی هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاو کراوەتەوە و تێیدا هاتووە، لە بەردەم قۆناغێکی مێژوویی و وەرچەرخاندان و پێویستە سیاسەت لە تورکیا لە هاوکێشەی فشار، ورووژاندن و کاردانەوەدا قەتیس نەمێنێت. بە بڕوای ئۆجەلان، داخستنی گۆڕەپانی سیاسی ڕێگە بۆ هێزە نادیموکراتییەکان خۆش دەکات تا هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسی و بەتایبەت کورد بکەنە ئامانج.

 

ئۆجەلان پرسی کوردی وەک پرسی دیموکراسی هەڵسەنگاندووە و ڕایگەیاندووە، هەنگاوی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی لە بەرژەوەندیی هەموو گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادایە و لە دژی عەقڵییەتی ڕەگەزپەرستانە و چالاکییە کودەتاچییەکانە. جەختیشی کردووەتەوە کە کورد لایەنگری ئاشتی، برایەتی و خاوەندارێتیی کۆمارە لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیی پارێزراو کە دان بە هەموو ناسنامەکاندا بنێت، چونکە کۆماری دیموکراتی تورکیا گەورە دەکات و دەیکاتە نموونە.

 

لە بەرامبەردا عەبدوڵا ئۆجەلان ڕەخنەی لە هەندێک دۆخی ئێستا گرتووە و بە بێ پاساو و قبووڵنەکراوی ناو بردوون؛ بەتایبەت گیانلەدەستدان لە گرتووخانەکان، هەڵوەشاندنەوەی مافی ئازادکردنی زیندانییان و جیاوازیی مامەڵەکردن لە گرتووخانە جیاوازەکاندا، کە بە وتەی ئەو ورووژاندنیان دژی پرۆسەکە تێدایە.

 

لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانیدا ئۆجەلان دووپاتی کردووەتەوە، بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی گرەنتیی داهاتوویەکی ئازاد و یەکسانە بۆ هەموو گەلان و باوەڕەکان لە تورکیا. ئاماژەی بەوەش کردووە لەگەڵ هەموو دیموکراتخوازەکاندا ئامانجیان کۆماری دیموکراتییە، تا لە ڕێگەی دابینکردنی گرەنتیی یاسایی بۆ کورد وەک توخمێکی بنەڕەتیی دامەزرێنەر، تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێتە نموونە.

130 جار خوێندراوەتەوە