سەباح نوعمان: لە دوای 30ی ئەیلولەوە هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی چەکی دەرەوەی یاسا نامێنێتەوە

KNN : Kurdish News Network
03:48 - 19/09/2026
عێراق
+
-

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول خاڵی وەرچەرخانە بەرەو پشتبەستنی تەواوەتی بە تواناکانی ناوخۆ بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی، جەختیش دەکاتەوە کە چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانی، پاساوی هەر جوڵە و جموجۆڵێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت هەڵدەوەشێنێتەوە.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، ٣٠ی ئەیلول خاڵێکی وەرچەرخانی ستراتیژییە لە مێژووی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیدا، چونکە گوزارشتە لە گواستنەوەی کرداری بەرەو پشتبەستن بەخۆ و بەڕێوەبردنی تەواوەتیی گۆڕەپانی ئەمنیی عێراق بە دەستی نیشتمانی. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ڕۆژە ئامادەیی و توانای مەیدانیی هێزەکانی سەلماندووە و چەمکی هاوسەنگیی ستراتیژی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا چەسپاندووە، بە جۆرێک ئێستا هێزە چەکدارەکان تاکە لایەنی بەرپرسن لە داڕشتنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسمان و خاکی وڵات، بەبێ پێویستبوون بە چەتری بیانی.

نوعمان ڕوونیشیکردەوە، چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانی ئەو بنەما یاسایی و مەیدانییەیە کە دەزگا ئەمنییەکان پشتی پێ دەبەستن، کاتێکیش سەرکردایەتیی نیشتمانی تاکە سەرچاوەی بڕیاری ئەمنی بێت، ئەوا هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ جوڵەکردن لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.

باسی لەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە پشتیوانییەکی یاسایی و جەماوەریی بەهێز دەداتە دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ لێپرسینەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان، داماڵینی چەکی دەرەوەی یاسا و جێبەجێکردنی یاسا بەسەر هەموواندا بەیەکسانی. لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان چەمکی دەسەڵاتی دەوڵەتیان لە دروشمەوە کردووەتە واقیعێکی مەیدانی، و سەرکەوتوو بوون لە پاراستنی سنوورەکان، لەناوبردنی تیرۆر و بەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنییە ئاڵۆزەکاندا.

107 جار خوێندراوەتەوە